رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکدا لەسەر سنووری هەرێمی کوردستان "گرووپێکی تیرۆریستییان" هەڵوەشاندووەتەوە، کە بە گوتەی وەزارەتەکە بەنیازبوون "بە مەبەستی تیرۆر و دروستکردنی ئاژاوە لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستانی عێراقەوە دزە بکەنە نێو خاکی ئێران".
میدیای فەرمیی ئێران شەوی چوارشەممە 30ی تشرینی یەکەمی 2024، راگەیێندراوێکی وەزارەتی ئیتڵاعاتیان بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، هێزەکانیان لەگەڵ هێزەکانی قەرارگەی حەمزەی سوپای پاسداران ئۆپەراسیۆنێکیان لە دژی گرووپێکی چەکدار کە لە راگەیێندراوەکەدا وەکو "گرووپی تیرۆریستیی جوداخواز" ناسێنراوە، کراوە.
وەزارەتی ئیتڵاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاندووە، گرووپەکە بەنیاز بووە "بە ئامانجی دروستکردنی ئاژاوە، تیرۆر و نائەمنی لە هەرێمی کوردستانی عێراقەوە دزە بکاتە نێو پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا [ورمێ]، بەڵام لە کاتی تێپەڕبوون بە نێو خاکی ئێراندا هەڵوەشێنرایەوە".
بەپێی راگەیێندراوەکە، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا چەکدارێک کوژراوە کە وەکو کادیری سەرەکیی گرووپەکە ناسێنراوە و دوو چەکداری دیکەش دەستبەسەر کراون، هەروەها دەست بەسەر چەکەکانیاندا گیراوە.
وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران ئاماژەی بەوە نەکردووە کە ئەو چەکدارانە کێن و سەر بە کام لایەنن.
تۆڕی میدیایی رووداو پەیوەندی بە لایەنە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد و رایانگەیاند، لەم ماوەیەدا پێشمەرگەکانیان هیچ چالاکییەکان لە نێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان نەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ