بانگەشەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێران چڕتر بوونەتەوە

01-05-2017
عەلی زەڵمی
19ـی ئایار هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی لە ئێران بەڕێوەدەچێت
19ـی ئایار هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی لە ئێران بەڕێوەدەچێت
نیشانەکردن هەڵبژاردن ئێران
A+ A-

رووداو - هەولێر 

خەڵکانێکی زۆر بە جۆش و خرۆش و بە بەرزکردنەوەی ئاڵای ئێران کۆبوونەتەوە و چاوەڕێی یەکێک لە بەهێزترین کاندیدەکانی سەرۆکایەتی وڵاتەکەیان دەکەن. 

ئیبراهیم رەئیسی، کاندیدی بەهێزی موحافیزکارەکان بە سەرەکیترین رکابەری حەسەن رۆحانی، کاندیدی ریفۆرمخوازەکان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دادەنرێت. 

پاش ماوەیەک لە چاوەڕوانی خەڵک، کاندیدەکەی سەرۆکایەتیی ئێران هات و رەخنەی تووندی لە حکومەتەکەی رۆحانی گرت و رایگەیاند، ناکرێت خولێکی دیکە رۆحانی سەرۆککۆمار بێت. 

ئیبراهیم رەئیسی، کاندیدی سەرۆکایەتیی ئێران گوتی "ئەمڕۆ، بارودۆخی وڵاتەکەمان لە دەرەوە و لە چاوی خەڵکییەوە بە نموونەیی سەیر دەکرێت، بەڵام لە ناوخۆدا بە دەست خراپ بەڕێوەبردنەوە دەناڵێنین، بەتایبەتی لە بواری ئابوورییەوە. ئەمەش وایکردووە بارودۆخەکە چیدیکە شیاوی قبوڵکردن نەبێت". 

رەئیسی بەوە ناسراوە پاڵپشتی لە نزیکبوونەوەی وڵاتەکەی و ئەمریکا و بەریتانیا ناکات و لە بانگەشەکانی تایبەت بە کۆکردنەوەی دەنگیشدا بەردەوام گوێت لە "مەرگ بۆ ئەمریکا" دەبێت. 

لایەنگرانی حەسەن رۆحانیش بە لێدانی چەپڵە و بەرزکردنەوەی ئاڵای وڵاتەکەیان لە چالاکییەکی تایبەت بە کۆکردنەوەی پاڵپشتی بۆ کاندیدە میانڕەوەکەی سەرۆککۆماری ئێران بەشدارن. 

ژمارەیەکی بەرچاو لە ئامادەبووانی ئەم کامپەینە ناوی رۆحانی، سەرۆککۆماری ئێستا و موحەممەد خاتەمی، سەرۆککۆماری پێشووتری وڵاتیان لەسەر دەستیان نووسیووە و ئومێدەوارن لە هەڵبژاردنەکەی مانگی داهاتوویشدا رۆحانی سەرکەوتن بەدەست بهێنێتەوە. 

بانگەشەکان لە کاتێکدان رۆژی 19ـی ئایار، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ئێران بەڕێوەدەچێت و ئەنجامەکەیشی کاریگەری لەسەر رەوشی ناوخۆی وڵات و ناوچەکەش دەبێت. 


داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە