بەپێی پڕۆژەیاسایەک هەر ژنێکی بەنێوبانگ لە ئێران پابەندی باڵاپۆشی نەبێت 10٪ـی سامانەکەی زەوت دەکرێت

29-07-2023
فواد حەقیقی
پڕۆژەیاسای باڵاپۆشی لە پەرلەمانی ئێرانە
پڕۆژەیاسای باڵاپۆشی لە پەرلەمانی ئێرانە
نیشانەکردن باڵاپۆشی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پڕۆژەیاسای باڵاپۆشی ئێستا لە گۆڕەپانی پەرلەمانی ئێراندایە؛ لیژنەی یاسایی و دادوەریی پەرلەمان پەسندی کردووە و ناردوویەتییە پەرلەمان؛ پڕۆژەیاساکە سنوورداریێتی زۆر بۆ ژنان دروست دەکات.
 
ئەوانەی پابەندی باڵاپۆشی نەبن، بەپێی پڕۆژەیاساکە سزای زیندان، پێبژاردن بە پارەی نەخت، قەدەخەی گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات، قەدەخەی هەبوونی ئەکاونت بەناوی خۆیانەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، رێگەگرتنیان لە کارکردن و بێبەشکردن لە مافە کۆمەڵایەتییەکانیان بەسەردا دەسەپێت.
 
بەپێی ئەو پڕۆژەیاسایە، ژنان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، لە فەرمانگەکان، بانکەکان، دووکان و بازاڕ، شوێنە گشتییەکان و نێو ئۆتۆمبیلەکان چاودێرییان دەکرێت. سزای زیندانیکردنیان بەهۆی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی لە شەش مانگەوە تاوەکو 10 ساڵ دەبێت. دیاریکردنی سزاکانیش لە دەستی دادوەردا دەبێت.
 
ئەم سزایانە بۆ کەسایەتییە ناودارەکان قورستریشن؛ ئەگەر ژنێکی بەناوبانگ پابەندی باڵاپۆشی زۆرەملێ نەبێت، 10٪ـی سامانەکەی لێ زەوت دەکرێت. هەرکەسێک جارێک سزا بدرێت و دیسان دووبارەی بکاتەوە، سزاکەی قورستریش دەبێت.
 
26 وەزارەت و دامەزراوەی جیاواز لە ئێران بۆ جێبەجێکردنی یاساکە دوای پەسندکردنی، ئەرکدار دەکرێن، لەوانە سوپای پاسداران، وەزارەتی ئیتلاعات و پۆلیس.
 
ئەو پڕۆژەیاسایە جەختیشی کردووەتەوە لەوەی ژنان لە زانکۆ، فەرمانگە، پارک و لە بەشی چارەسەرکردنی نەخۆشخانەکاندا، لە پیاوان جیابکرێنەوە.
 
لە فەرمانگەکاندا دامەزراندن، بەرزکردنەوەی پلەی فەرمانبەر و پێدانی بەرپرسیاریێتی مەرجدار کراون بە پابەندبوون بە باڵاپۆشییەوە.
 
محەممەد مەهدی ئیسماعیلی، وەزیری کولتووری ئێران دەڵێ "شیاو نییە یاسا و باڵاپۆشی سووکایەتییان پێ بکرێت و بێگومان ئەمە بۆ ئێمە هێڵی سوورە؛ لە پەیوەندیی لەگەڵ باڵاپۆشیدا، فەرمانم بە وەزارەت و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان کردووە، بەشێوەی جیدی دەستوەردان بکەن."
 
چەندین مانگە کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر رێگەی تاقیکردووەتەوە بۆ ئەوەی ژنان ناچار بکات پابەندی باڵاپۆشیی ناچاری بن، لەکاتێکدا لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی پارەوە، بەشێکی ژنان باڵاپۆشییان لابردووە.
 
زۆر کەس پێیان وایە ئەمجۆرە رێکارانە کە پەرلەمانی ئێران دەیەوێ بڕیاری لەسەر بدات، تەنیا کێشەکانی کۆمەڵگە قوڵتر دەکەنەوە.
 
مورتەزا ئاقاتێهرانی پەرلەمانتار دەڵێت، ئەو شتەی وەک پڕۆژەیاسای باڵاپۆشی بڵاوبووەتەوە، شتێکی فەرمی و دەقی کۆتایی نییە، بەڵکو بۆچوونی پەرلەمان ئەو شتەیە؛ کە لە کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەماندا پەسند دەکرێت.
 
زەحمەتە پەرلەمان پڕۆژەیاساکە وەکو خۆی پەسند بکات، بەڵام روونیش نییە تووندتری دەکات یان شلتر.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە