رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی ئێران دەڵێت، سبەی بانگەشەی گەڕی دووەمی 14ـەیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری وڵات دەستپێدەکات و تاوەکو چوارشەممە بەردەوام دەبێت.
ئەمڕۆ (شەممە، 29-06-2024) ئەنجامی کۆتایی 14ـیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران راگەیێندرا، هیچ کام لە بەربژێرەکان دەنگی پێویستیان بۆ بەدەستهێنانی پۆستەکە بەدەستنەهێنا.
بەپێی مادەی 117ـی دەستووری ئێران، بەربژێری براوە لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماردا (50٪ +1)ـی دەنگەکان نەباتەوە، پرۆسەکە دەکەوێتە گەڕی دووەم لەنێوان ئەو دوو بەربژێرەی زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە.
ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران دوای راگەیاندنی ئەنجامەکان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند ''پێشبینی دەکرا 14یەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری بکەوێتە گەڕی دووەم، بۆیە ئامادەیی تەواومان بۆ بەڕێوەبردنی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات کردووە."
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی ئێران، گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لەنێوان مەسعود پزیشکیان، بەربژێری ریفۆرمخوازەکان و سەعید جەلیلی، سکرتێری پێشووتری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەبێت.
وەک وەزیری ناوخۆی ئێران دەڵێت، بەربژێرەکان لە سبەی (یەکشەممە)ـوە دەتوانن دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن بکەن و تاوەکو رۆژی چوارشەممە، بەردەوام بن، ''بەڵام رۆژی پێنجشەممە هیچ بانگەشەیەک ناکرێت و هەینیش گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکە لە ناوخۆ و دەرەوی وڵات بەڕێوەدەچێت.''
رۆژی 28ـی حوزەیران، هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران بەڕێوەچوو، لە ئەنجامدا مەسعود پزیشکیان، بەربژێری ریفۆرمخوازەکان 10 ملیۆن و 415 هەزار و 991 دەنگی بەدەستهێنا؛ سەعید جەلیلی، سکرتێری پێشووتری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران 9 ملیۆن و 473 هەزار و 298 دەنگی بردەوە؛ محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، سێ ملیۆن و 383 هەزار و 340 دەنگی بەدەستهێنا و مستەفا پوورمحەممەدی، وەزیری داد و ناوخۆی پێشتری ئێرانیش، 206 هەزار و 397 دەنگی بەدەستهێنا؛ یەک ملیۆن و 56 هەزار و 159 دەنگیش پووچەڵ بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ