ئێران

مەسعود پزیشکیان و سەعید جەلیلی، بەربژێرانی سەرکەوتوو بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێران
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
14یەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران چووە گەڕی دووەم کە بڕیارە رۆژی 5ی تەممووز بکرێت.
موحسین ئیسلامی، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئێران ئەمڕۆ شەممە 29-6-2024 رایگەیاند، لە کۆی 24 ملیۆن و 535 هەزار و 185 دەنگی راستی جیاکراوە، مەسعود پزیشکیان، بەربژێری ریفۆرمخوازەکان 10 ملیۆن و 415 هەزار و 991 دەنگی بەدەستهێناوە؛ سەعید جەلیلی، سکرتێری پێشووتری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران 9 ملیۆن و 473 هەزار و 298 دەنگی بردووەتەوە؛ محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران 3 ملیۆن و 383 هەزار و 340 دەنگی بەدەستهێناوە و مستەفا پوورمحەممەدی، وەزیری داد و ناوخۆی پێشتری ئێرانیش 206 هەزار و 397 دەنگی بەدەستهێناوە.
بەپێی لێکدانەوەی کۆی ئەو دەنگانەی چوار بەربژێرەکان بەدەستیان هێناوە، دەردەکەوێت کە یەک ملیۆن و 56 هەزار و 159 دەنگیش پووچەڵ بوون.
بەگوێرەی مادەی 117ی دەستووری ئێران، لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماردا پێویستە بەربژێر (50+1%)ی دەنگەکان بەدەستبێنێت بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆککۆمار.
موحسین ئیسلامی گوتی، ئەنجامی هەڵبژاردنەکە دەنێردرێتە ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور و دوای پشتڕاستکردنەوەی، یەکەم هەینی دوای هەڵبژاردن (5ـی تەممووز)، گەڕی دووەم لەنێوان دوو بەربژێر کە زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە دەکرێت، واتە لەنێوان پزیشکیان و جەلیلی.
61 ملیۆن و 452 هەزار کەس مافی دەنگدانیان لە 14ـیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێراندا هەبوو کە دوێنێ هەینی بەڕێوەچوو.
بەپێی ئامارەکان، رێژەی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردندا نزیکەی 40 بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ