رووداو دیجیتاڵ
دابەزینی بەهای تمەن، بەرزبوونەوەی نرخی شتوومەک لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، توانای خەڵکیان سنووردار کردووە و خوانیشیان بچووکتر کردوونەتەوە.
رەخنە لە پەرلەمانتاران دەگیرێت و داوا دەکرێت؛ هاوکاریی خەڵکی کەمدەرامەت بکرێت.
محەممەد سەبزی، پەرلەمانتاری ساوە دەڵێ "بەڕێز قالیباف، کاتێک دەڕۆین بۆ شارەکانمان، بە راستی ناتوانین وەڵامی خەڵک بدەینەوە، ئێمە بەرپرسیارین. خەڵک دەڵێن، پەرلەمان چی دەکات؟ بەو گرانی، هەڵاوسان و دابەزینەی بەهای تمەن بەرامبەر دراوە بیانییەکان، پەرلەمان نایەوێت شتێک بکات؟"
محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێ "بەرزبوونەوەی لەڕادەبەدەری نرخ ئەوەی سەلماند؛ پێویستە کارتی ئەلیکترۆنیی خۆراک بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکان بدرێتە هاووڵاتییان. بەلەبەرچاوگرتنی هەڵوێستی ئەرێنیی سەرۆککۆمار و ئامادەبوونی ژێرخانەکان، داوا لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان دەکەم، پێدانی کارتی ئەلیکترۆنیی خۆراک بکەنە کاری لەپێشینەیان."
حکومەتی ئێران رایگەیاندووە، بەمەبەستی هاوکاریکردنی خەڵکی کەمدەرامەت، پلانی هەیە پێش مانگی رەمەزانی ئەم ساڵ، کارتی ئەلیکترۆنیی خۆراک بداتە ئەو کەسانە.
ئەحمەد مێیدەری، وەزیری کاری ئێران لەمبارەیەوە گوتی "لە لیژنەی هاوئاهەنگیی ئابووری و بە پێی فەرمانی سەرۆککۆمار، بڕی 15 تریلیۆن تمەن بۆ پێدانی کارتی ئەلیکترۆنیی خۆراک تەرخان کراوە. سەرپەرشتیاری پڕۆژەکەش وەزارەتی کارە و دەبێ کارەکە بکرێت. ئەم 15 تریلیۆن تمەنە بۆ خەڵکی کەمداهاتە و تاوەکو مانگی رەمەزان جێبەجێ دەکرێت."
حکومەتی ئێران دەڵێت، هەرچەندە توانا ئابوورییەکانی کەمە، بەڵام کاری لەپێشینەیان کەمترکردنەوەی کێشە و بارگرانیی سەر شانی خەڵک دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ