رووداو دیجیتاڵ
بەپێی ئاماری دادپزیشکیی ئێران، لە 9 مانگدا 14 هەزار و 945 کەس بە رووداوی هاتووچۆ لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان لەدەستداوە.
دادپزیشکیی ئێران دەڵێت، لە نەورۆزی 2024ـەوە تاوەکو کۆتایی کانوونی یەکەمی 2024، واتە لە 9 مانگدا 14 هەزار و 945 کەس لەو وڵاتە بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی راپۆرتەکە، 11 هەزار و 907 کەسیان پیاو و سێ هەزار و 38 کەسیان ژن بوون.
ئامارەکە دەریدەخات، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی پێشتر، ژمارەی ئەو کەسانەی لە رووداوەکانی هاتووچۆدا گیانیان لەدەستداوە 5٪ کەمی کردووە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، هەر لەو ماوەیەدا 298 هەزار و 250 کەسیش بریندار بوون کە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵێک پێشتر بە رێژەی 1.9٪ کەمی کردووە.
دادپزیشکیی ئێران دەڵێت، لەو نۆ مانگەدا زۆرترین قوربانیی رووداوەکانی هاتووچۆ لە پارێزگاکانی فارس بە هەزار و 175 کەس، تاران و خوراسانی رەزەوی هەر کامیان بە هەزار و 55 کەس و کرمان بە هەزار و 3 کەس بووە.
ئاماژە بەوەش دەکات، کەمترین قوربانی لە پارێزگاکانی ئیلام بە 130 کەس، کۆهگیلۆیە و بویەرئەحمەد بە 178 کەس و ئەردەبیل بە 208 کەس بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ