رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 4 چوار مانگە ژمارەیەک کۆچبەری کورد دوای ئەوەی لە تورکیا دەستگیرکران، دیپۆرتی سووریا کرانەوە و، تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە. کەسوکارەکانیان بۆ دووەمجار لە بەردەوام باڵیۆزخانەی تورکیا لە تارانی پایتەختی ئێران گردبوونەوە و داوای زانیاریی لەبارەی کۆچبەرەکان دەکەن.
راشین رۆستەمی، خوشکی ئەفشار رۆستەمی کە یەکێک لە کۆچبەرە دەستگیرکراوەکانە و هیچ سوراخێکی نییە، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ بۆ جاری دووەم کەسوکاری 9 کۆچبەرەکە لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتووین بۆ بەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە تاران، چونکە تەنیا ئەوان دەتوانن کوڕەکانمان ئازاد بکەن و لە رێگەی ئەو وڵاتەوە دیپۆرتی سووریا کرابوون، بەڵام ئەوە دووەمجارە کە هیچ کەسێک لەو باڵیۆزخانەیە ئامادە نییە بمان بینێت و گوێمان لێ بگرێت، جاری دووەم بە نووسراویش و بەڵگەی فەرمی کە نیشاندەدات ئەو کۆچبەرانە خەڵکی ئێرانن نەک سووریا رادەستی باڵیۆزخانەمان کردووە و هەر بێ دەنگن".
ئەو 9 کۆچبەرە کوردە خەڵکی پاوەی رۆژهەڵاتی کوردستانن و تەمەنیان لە نێوان 35-45 ساڵە و چوار لەوان خێزاندارن بۆ ماوەی زیاتر لە چوار مانگە لە ئەعزازی سووریا دەستبەسەرن، ئەوان لەگەڵ ئەو 54 کۆچبەرەی باشووری کوردستان بوون کە دوای ئەوەی لە تورکیا دەستگیرکران و خۆیان بە سووری ناساندبوو دیپۆرتی ئەو وڵاتە کران، بەڵام ئەوانە دوای ماوەیەک ئازادکران و لە رێگەی تورکیاوە گەڕێندرانەوە باشووری کوردستان.
ناوی کۆچبەرەکان: بەهمەن شادرەوان، دەماوەند پاک سرووشت، سەعید ئەحمەدی، فەردین دەروێش پوور، موبین وەلەدبێگی، مەسعود حەیدەری، هیدایەت روخزادی، ئەفشار روستەمی و سامران خزر پوور.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ