رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئێران رایگەیاند، بە مەبەستی "باشترکردنی ئاستی وەڵامدانەوەی هێزەکانیان لە ئەگەری هەر هێرشێکدا" بۆ سەر ئەو وڵاتە، دەستیان بە مانۆڕێکی بەرفراوان کردووە و، لە مانۆڕەکە 200 هێلیکۆپتەر و زریپۆش و چەندین مووشەک نمایش دەکەن.
میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردووەتەوە، مانۆڕەکە ئەمرۆ هەینی، 27-10-2023، بە ئامادەبوونی سەید عەبدولڕەحیم موسەوی، فەرماندەی گشتیی سوپا، عەزیز نەسیرزادە، جێگری سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران، حوسێن حەسەنی سەعدی، فەرماندەی قەرارگەی خاتەمولئەنبیای سوپای پاسداران، لە ناوچەی نوسرەتئاوای پارێزگای ئیسفەهان لە ناوەڕاستی ئەو وڵاتە دەستیپێکردووە و دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.
جەنەرال کەریم چشەک، گوتەبێژی مانۆڕە سەربازییەکەی سوپای ئێران رایگەیاند، "لە مانۆڕەکەدا چەندین یەکەی سوپا لە هێزەکانی پیادە، زرێپۆش، مووشەک، تۆپخانە، هەلیکۆپتەر، درۆن، ئەندازیاری شەڕی ئەلیکترۆنی، جەنگی مۆدێرن، سایبەر و فڕۆکەی گواستنەوە لە حەوت پارێزگای ئێرانەوە بەشدارن."
بە گوتەی ژەنەراڵ کەریم چشەک، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم مانۆڕە ئەوەیە کە لە یەک کاتدا 200 هەلیکۆپتەر تێیدا بەشدارن.
سەبارەت بە ئامانجی مانۆڕەکەش، ژەنەراڵ کەریم چشەک رایگەیاند: "هەڵسەنگاندنی ئاستی توانای یەکەکانی شەڕ و یەکەکانی پاڵپشتی هێزی زەوینی سوپا، راهێنان لەسەر تاکتیکەکانی شەڕی زەوینی، هەڵسەنگاندنی چەکە نوێیەکان، باشترکردنی ئاستی وەڵامدانەوەی هێزەکانیان لە ئەگەری هەر هێرشێکدا، هەروەها پەرەپێدانی ئاسایشی سەقامگیر ئامانجە سەرەکییەکانی مانۆڕەکەن."
دەستپێکردنی ئەو مانۆڕە سەربازییە لەلایەن سوپای ئێرانەوە لە کاتێکدایە، کە شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە 21مین رۆژدایە و بەردەوامە و بەرپرسە باڵاکانی ئێرانیش تائێستا چەندین جار هەڕەشەیان لە ئیسرائیل کردووە و هۆشدارییان داوە، ئەگەر هێرشەکانیان بۆ سەر کەرتی غەززە نەوەستێنن، هەموو ئەگەرێک بۆ فراوانبوونی بەرەی شەڕ کراوەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ