ئێران دەڵێت وەڵامێکی "بەهێز و زیرەکانەی ئەمریکا" دەداتەوە

26-12-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری بەرگریی ئێران دەڵێت، وەڵامێکی زیرەکانە و بەهێزی کوشتنی ئەو فەرماندەیەی وڵاتەکەی لەلایەن ئەمریکاوە دەداتەوە، ئەوەش دوای ئەوە دێت کە ئەمریکا فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسدارانی لە سووریا کوشت. 

رۆژی سێشەممە، 26ـی کانوونی یەکەمی 2023، رەزا تەلایینیک، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە تاران، کوژرانی فەرماندە ئێرانییەکەی لەلایەن ئەمریکاوە بە "تاوانێکی تیرۆریستی" ناوبرد و ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێران لە کاتێکی گونجاودا وەڵامی هێرشەکە دەداتەوە. 
 
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئێران گوتیشی: "کاردانەوەی ئێمە بەرامبەر بەو کوشتارەی ئەمریکا زیرەکانە و بەهێز دەبێت. کۆماری ئیسلامیی ئێران توانای ئەوەی هەیە کە وەڵامێکی گونجاوی ئەو جۆرە تاوانانە بداتەوە لە کاتێکی گونجاودا".
 
رۆژی دووشەممە، 25-12-2023، میدیای فەرمیی ئێران کوژرانی فەرماندەیەکی باڵای فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی لە سووریا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، فەرماندەکەیان بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ ناوچەی زەینەبیەی دیمەشق کوژراوە.
 
سوپای پاسدارانی ئێران، کوژرانی رەزی مووسەوی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند: "سەرتیپ رەزی مووسەوی لە ئەنجامی هێرشی دڕندانەی رژێمی زایۆنی گیانی لەدەستداوە". پاسداران هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە دەکات و دەڵێت؛ "بە دڵنیاییەوە رژێمی زایۆنی باجی ئەو تاوانەی دەدات."
 
دوای کوژرانی فەرماندە ئێرانییەکە، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی: "بێگومان ئەو کارە نیشانەیەکی دیکەی بێزراویی و بێدەسەڵاتیی رژێمی زایۆنییە [ئیسرائیل] لە ناوچەکە".
 
میدیای فەرمیی ئێران دەڵێت: "رەزا مووسەوی یەکێک بوو لە راوێژکارە بە ئەزموونەکانی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران. ماوەیەکی زۆرە وەکو راوێژکاری سەربازی لە سووریا کار دەکات، بەڵام بەهۆی هێرشی رژێمی زایۆنی بۆ ناوچەی زەینەبیە لە دیمەشق" کوژراوە.
 
دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل، گرووپەکانی نزیک لە ئێران کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی" دەناسێنن لە سووریا، یەمەن، لوبنان و عێراقەوە هەڕەشەی هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا دەکەن. 
 
لەوەتەی شەڕی نێوخۆی سووریا لە ساڵی 2011 دەستیپێکردووە، ئیسرائیل سەدان هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر پێگەکانی هێزەکانی نزیک لە ئێران لە سووریا وەکو حیزبوڵڵای لوبنانی و سوپای سووریا. 
 
لە 2-12-2023 سوپای پاسدارانی ئێران ئیسرائیلی بە کوشتنی دوو ئەندامی لە سووریا تۆمەتبار کرد و ئاماژەی بەوە کرد، ئەو دوو ئەندامەی سوپای پاسداران بە ئەرکی "راوێژکاری" لە سووریا بوون. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە