رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی فڕۆکەوانیی مەدەنیی ئێران دەڵێت، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی وڵاتەکە لە کاژێر 09:00ی بەیانییەوە دەستیان پێکردووەتەوە.
ئەمڕۆ شەممە 26-10-2024 جەعفەر یازرلوو، گوتەبێژی فڕۆکەوانیی مەدەنیی ئێران رایگەیاند، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران کە پێشتر بە شێوەی کاتی هەڵوەشێندرابوونەوە، لە کاژێر 09:00ی بەیانی (08:30 بە کاتی هەولێر) ئاسایی بوونەوە و هاتووچۆی فڕۆکەکان دەستیپێکردەوە.
هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران دوای ئەوە هات کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز لە تاران و چەند ناوچەیەکی دیکەی ئێران بیستران و سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاند، "لە وەڵامی چەند مانگێک لە هێرشی بەردەوامی رژێمی ئێران دژی دەوڵەتی ئیسرائیل، لەم کاتەدا هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی ورد دەکەنە سەر هەندێ ئامانجی سەربازی لەنێو ئێران دا."
دوای کۆتاییهاتنی هێرشەکە، بارەگای بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، "سەرەڕای هۆشداریی پێشووی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە رژێمی تاوانکار و نایاسایی زایۆنی بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر کردەوەیەکی شەڕفرۆشانە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هێرشی کردە سەر بەشێک لە ناوەندە سەربازییەکانی پارێزگاکانی تاران، خوزستان و ئیلام."
لە راگەیێندراوەکەدا باس لەوەش کراوە، بەرپەرچدانەوەی هێرشەکەی سوپای ئیسرائیل لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە "سەرکەوتوو" بوو و زیانێکی کەم و سنووردار بە هەندێک شوێن کەوتووە کە قەبارەیان لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، دوای کۆتاییهاتنی هێرشەکە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکە "سەرکەوتوو بووە" و ئەو فڕۆکانەی هێرشەکەیان کردووە، گەڕاونەتەوە بنکەی سەربازیی خۆیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ