رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پاڵاوگەی نەوتی تاران دەڵێت، پاڵاوگەکە لە کارکردنی ئاسایی بەردەوامە و هیچ هێرشێک نەکراوەتە سەری.
ئەمڕۆ شەممە 26-10-2024 شاکر خەفایی، گوتەبێژی پاڵاوگەی نەوتی تاران لەبارەی هێرشەکەی سوپای ئیسرائیلەوە بۆ سەر ئێران رایگەیاند، پاڵاوگەکە لە کاری ئاسایی خۆی بەردەوامە و هیچ هێرشێکی نەکراوەتە سەر.
شاکر خەفایی گوتی، سیستمی بەرگریی ئاسمانی کە لە پاڵاوگەکە جێگیر کراوە، کاریگەرە و دەتوانێت شکست بە هەر هێرشێک بهێنێت کە بیکاتە ئامانج.
قسەکانی گوتەبێژی پاڵاوگەی نەوتی تاران دوای ئەوە دێن کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "لە وەڵامی چەند مانگێک لە هێرشی بەردەوامی رژێمی ئێران بۆسەر دەوڵەتی ئیسرائیل، لەم کاتەدا هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی ورد دەکەنە سەر هەندێک ئامانجی سەربازی لەنێو ئێراندا."
هاوکات بەرگریی ئاسمانیی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، "سەرەڕای هۆشداریی پێشووی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە رژێمی تاوانکار و نایاسایی زایۆنی بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر کردەوەیەکی شەڕفرۆشانە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هێرشی کردە سەر بەشێک لە ناوەندە سەربازییەکانی پارێزگاکانی تاران، خوزستان و ئیلام."
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، بەرپەرچدانەوەی هێرشەکەی سوپای ئیسرائیل لەلایەن سیستمی بەرگری ئاسمانیی وڵاتەکە "سەرکەوتوو" بووە و زیانێکی کەم و سنووردار بە هەندێک شوێن کەوتووە.
ئەوە لەکاتێکدایە دوای کۆتاییهاتنی هێرشەکە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکە "سەرکەوتوو بووە" و ئەو فڕۆکانەی هێرشەکەیان کردووە، گەڕاونەتەوە بنکەی سەربازیی خۆیان.
پاڵاوگە نەوتییەکە توانای بەرهەمهێنانی رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە و دەکەوێتە باشووری تاران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ