رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆککۆماری ئێران پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "هێز و دەسەڵاتی ئێران دووژمنانی نیشتمانمان پەست و داماو دەکات."
بەیانیی ئەمڕۆ شەممە 26-10-2024 محەممەدڕەزا عارف، جێگری سەرۆککۆماری ئێران پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، "هێز و دەسەڵاتی ئێران دووژمنانی نیشتمانمان پەست و داماو دەکات."
محەممەدڕەزا عارف بەبێ ئاماژەدان بە هێرشەکەی ئیسرائیل، لەگەڵ پەیامەکەیدا وێنەیەکی ئاڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانی داناوە.
پەیامەکەی جێگری سەرۆککۆماری ئێران دوای ئەوە دێت کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "لە وەڵامی چەند مانگێک لە هێرشی بەردەوامی رژێمی ئێران دژی دەوڵەتی ئیسرائیل، لەم کاتەدا هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی ورد دەکەنە سەر هەندێک ئامانجی سەربازی لەنێو ئێران."
هاوکات بەرگریی ئاسمانیی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "سەرەڕای هۆشداریی پێشووی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە رژێمی تاوانکار و نایاسایی زایۆنی بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر کردەوەیەکی شەڕفرۆشانە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێرشی کردە سەر بەشێک لە ناوەندە سەربازییەکانی پارێزگاکانی تاران، خوزستان و ئیلام."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بەرپەرچدانەوەی هێرشەکەی سوپای ئیسرائیل لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە "سەرکەوتوو" بوو و زیانێکی کەم و سنووردار بە هەندێک شوێن کەوتووە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، دوای کۆتاییهاتنی هێرشەکە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکە "سەرکەوتوو بووە" و ئەو فڕۆکانەی هێرشەکەیان کردووە، گەڕاونەتەوە بنکەی سەربازیی خۆیان.
تاوەکو ئێستا بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ لێدوانێکی فەرمییان سەبارەت بە قەبارەی زیانەکان نەداوە، بەڵام میدیاکانی سەر بە سوپای پاسداران لە زاری سەرچاوە ئەمنییەکانەوە دەڵێن، دۆخی ئێستای ئێران بەتایبەتی تاران ئاساییە و هەست بە هیچ زیانێکی هێرشەکەی ئیسرائیل نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ