رووداو دیجیتاڵ
بارەگای بەرگریی ئاسمانیی ئێران دەڵێت، هێرشەکەی ''رژێمی زایۆنی'' چەند بنکەیەکی سەربازی لە پارێزگاکانی تاران، خوزستان و ئیلامی گرتووەتەوە؛ گوتیشی، ''قەبارەی زیانەکان کەمن و لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت.''
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 26-10-2024، دوای کۆتاییهاتنی هێرشەکەی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر چەند ناوچەیەک لە ئێران، بارەگای بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، ''سەرەڕای هۆشداریی پێشووی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە رژێمی تاوانکار و نایاسایی زایۆنی بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر کردەوەیەکی شەڕفرۆشانە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هێرشی کردووەتە سەر بەشێک لە ناوەندە سەربازییەکانی پارێزگاکانی تاران، خوزستان و ئیلام.
لە راگەیێندراوەکەدا باس لەوە کراوە، بەرپەرچدانەوەی هێرشەکەی سوپای ئیسرائیل لەلایەن سیستمی بەرگری ئاسمانیی وڵاتەکە ''سەرکەوتوو'' بووە و زیانێکی کەم و سنووردار بە هەندێک شوێن کەوتووە کە قەبارەیان لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە.
ئەوە لەکاتێکدایە دوای کۆتاییهاتنی هێرشەکە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکە "سەرکەوتوو بووە" و ئەو فڕۆکانەی هێرشەکەیان کردووە، گەڕاونەتەوە بنکەی سەربازیی خۆیان.
بەشێک لە میدیا خۆجێیەکان باس لەوە دەکەن لە شاری شیرازی سەر بە پارێزگای فارسیش دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز بیستراون.
سوپای ئیسرائیل هێرشەکەی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ "لە وەڵامی چەند مانگێک لە هێرشی بەردەوامی رژێمی ئێران دژی دەوڵەتی ئیسرائیل، لەم کاتەدا هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی ورد دەکاتە سەر هەندێ ئامانجی سەربازی لەنێو ئێراندا'' راگەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ