سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران هەڵوەشێندرانەوە

26-10-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی فڕۆکەوانیی مەدەنیی ئێران دەڵێت، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی وڵاتەکە هەڵوەشێندرانەوە. گوتیشی، دەستپێکردنەوەی گەشتەکان لەلایەن کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانییەوە رادەگەیێندرێن.
 
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 26-10-2024، دوای هێرشێکی ئاسمانیی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر تاران، جەعفەر یازرلوو، گوتەبێژی فڕۆکەوانیی مەدەنیی ئێران رایگەیاند، بە شێوەیەکی کاتی سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی وڵاتەکە هەڵوەشێندراونەتەوە.
 
جەعفەر یازرلوو گوتی، دەستپێکردنەوەی گەشتە مەدەنییەکان لەلایەن کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانییەوە بەو گەشتیارانە رادەگەیێندرێت کە تیکتی گەشتەکانیان بڕیوە.
 
هەڵوەشانەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران دوای ئەوە دێت کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ  شەممە دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز لە تاران بیستران و سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاند، "لە وەڵامی چەند مانگێک لە هێرشی بەردەوامی رژێمی ئێران دژی دەوڵەتی ئیسرائیل، لەم کاتەدا هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی ورد دەکاتە سەر هەندێ ئامانجی سەربازی لەنێو ئێران دا." 
 
هاوکات بەشی راگەیاندنی بەرگریی ئاسمانیی تاران راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا هاتووە، ''دەنگی تەقینەوەکان لە دەوروبەری تاران پەیوەست بوون بە کاردانەوەی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پارێزگاکە بەرامبەر هەوڵی رژێمی زایۆنی بۆ هێرشکردنەسەر سێ خاڵ لە دەرەوەی تاران.''
 
بەشێک لە میدیا خۆجێیەکان باس لەوە دەکەن لە شاری شیرازی سەر بە پارێزگای فارسیش دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز بیستراوە.
 
تاوەکو ئێستا بەرپرسانی ئێرانی هیچ لێدوانێکی فەرمییان سەبارەت بە هێرشەکەی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر تاران یان ناوچەکانی دیکەی وڵاتەکە نەبووە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە