رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئێرانی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەکانی سوپای پاسداران لە تاران رەتدەکاتەوە و دەڵێت، ''سەرچاوەیەکی باڵای سوپا پێی راگەیاندووین، بنکەکانمان لە رۆژئاوا و باشووری رۆژئاوای تاران بە مووشەک نەکراونەتە ئامانج.''
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 26-10-2024، میدیای ئێرانی بڵاویان کردووەتەوە، دەنگی تەقینەوە لە چەند شوێنێکی تاران بیستراوە و سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاندووە، "لە وەڵامی چەند مانگێک لە هێرشی بەردەوامی رژێمی ئێران دژی دەوڵەتی ئیسرائیل، لەم کاتەدا هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی ورد دەکاتە سەر هەندێ ئامانجی سەربازی لەنێو ئێران دا."
بەگوێرەی ئاژانسی تەسنیمی نزیک لە سوپای پاسداران و ئاژانسی هەواڵی فارس، هێرش نەکراوەتەوە سەر بنکەکانی سوپای پاسداران و هۆکاری دەنگە بەرزەکانیش لە رۆژئاوا و باشووری رۆژئاوای تاران، سیستمی بەرگریی سوپای کۆماری ئیسلامیی ئێران (ئەرتەش) بووە کە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل لە سێ ناوچەی پایتەختی ئێران کەوتوونەتە کار، ''ئێستاش دۆخی تاران ئاساییە.''
ژمارەیەک میدیای خۆجێی باس لەوە دەکەن کە لە شاری شیرازی سەر بە پارێزگای فارسیش دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز بیستراوە.
تاوەکو ئێستا بەرپرسانی ئێرانی هیچ لێدوانێکی فەرمییان سەبارەت بە هێرشەکەی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر تاران نەبووە.
رۆژی هەینی، چەند کاژێرێک پێش ئەوەی ئیسرائیل هێرشەکە بکات، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند ژمارەیەک فڕۆکەی ئێف شازدەی لە بنکەی ئاسمانیی شپانگدالم لە ئەڵمانیاوە گواستووەتەوە بۆ سنووری ئۆپەراسیۆنەکانی سێنتکۆم.
سوپای ئەمریکا لە چەند هەفتەی رابردوودا هێزی خۆی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زیادکرد.
بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن، ئامانج لەوە رێگریکردنە لە وەڵامی ئێران و یارمەتیدانی ئیسرائیلە بۆ ئەوەی بتوانێت "بەرگری لە خۆی بکات" ئەگەر ئێران هێرشیکی دیکەی مووشەکی کردەسەری.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ