رووداو دیجیتاڵ
دوو کچ لە ئێران بەهۆی سەماکردن لە مۆنیومێنتی کوژراوانی شەڕی 8 ساڵەی نێوان ئێران و عێراق کە بە "مۆنیومێنتی شەهیدانی ونی کۆماری ئیسلامیی ئێران" دەناسرێت، لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دەستگیرکران.
پۆلیسی تاران بڵاویکردەوە، ئەو دوو کچە بەهۆی "سەماکردن لە مۆنیومێنتی شەهیدانی ونی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تاران" و "بڵاوکردنەوەی سەماکەیان لە هەژماری خۆیان لە سۆشیاڵ میدیا" دەستگیرکراون.
پۆلیسی تاران لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت "ماوەیەک لەمەوبەر دوو کەس لە کاتی ئامادەبوونیان لە مۆنیومێنتی شەهیدانی ون لە تاران، بێ لەبەرچاوگرتنی پیرۆزیی شوێنەکە، بە جلوبەرگ و جووڵەی نەشیاو کە لە دەرەوەی داب و نەریت و ئایین بوون، گرتە ڤیدیۆیەکیان تۆمارکردووە و دواتر بڵاویان کردووەتەوە. ئەو دوو کەسە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکران و رادەستی دەسەڵاتی دادوەری کران."
میدیای فەرمیی ئێرانیش بڵاوی کردەوە، ئەو دوو كچە دوای دەستگیرکردنیان رادەستی دەسەڵاتی دادوەری کران و ئەو هەژمارەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام ڤیدیۆی سەماکردنیانی تێدا بڵاوکرابووەوە، بلۆک کراوە.
دەستگیرکردنی ئەو دوو کچە لە کاتێکدایە، محەممەدجەواد زەریف، راوێژکاری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری ستراتیژی لە کۆربەندی داڤۆس لە سویسرا رایگەیاند "کۆماری ئیسلامی ئێران بڕیاری داوە لە مژاری باڵاپۆشی، گوشار نەخاتە سەر ژنان."
محەممەد جەواد زەریف گوتی "ئەمە بەڵێنێکە کە پزیشکیان (مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران) داوییەتی بە خەڵک و بە هەوڵەکانی ئەو و رەزامەندیی بەرپرسانی باڵای ئێران، لەوانەش سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری، سەرۆکی پەرلەمان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی، مسۆگەر کراوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ