رووداو دیجیتاڵ
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ یەکشەممە بە سەردانێک گەیشتە کابولی پایتەختی ئەفغانستان و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کابول لە لایەن ژمارەیەک بەرپرسی وەزارەتی دەرەوەی ئەفغانستان و عەلیڕەزا بیکدڵی، باڵیۆزی ئێران لە ئەفغانستان پێشوازی لێکرا.
میدیای فەرمیی ئێران بڵاوی کردەوە، ماوەی سەردانەکەی عەباس عێراقچی بۆ ئەفغانستان یەک رۆژ دەبێت. ئەو سەردانەشی دەبێتە یەکەمین سەردانی وەزیرێکی دەرەوەی ئێران بۆ ئەفغانستان لە دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات.
شاندێکی باڵا، کە لە بەرپرسانی ئابووری و بازرگانیی ئێران پێکدێن، هەروەها نوێنەری چەندین وەزارەتی ئەو وڵاتە یاوەری وەزیری دەرەوەی ئێران دەکەن.
بەپێی میدیای ئێران، لەم سەردانە یەک رۆژەییەدا هەردوولا باس لە پرسە جۆراوجۆرەکان و کێشە هەنووکەییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەکەن.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "بەرەو کابول دەڕۆین. سەردانەکەی ئەمڕۆی وەزیری دەرەوە لە چوارچێوەی سیاسەتی دراوسێیەتییە و هاوتەریبە لەگەڵ ئەرکی سروشتی وەزارەتی دەرەوە بۆ بەدواداچوونی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی وڵاتەکەمان لە رێگەی کارلێککردن و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ بەرژەوەندی و نیگەرانییە هاوبەشەکان."
بەقایی هەروەها دەڵێت، "ئەم گەشتە دەتوانێت ببێتە خاڵی وەرچەرخان لە بەکارهێنانی پەیوەندییە فراوانەکانی نێوان هەردوو وڵات بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوو وڵات."
بەرپرسانی ئەفغانستان بە سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات گەشبینن.
رۆژی 23ـی کانوونی دووەمی 2025، زاکیر جەلالی، بەرپرسی ئیدارەی سێیەمی سیاسی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەفغانستان، پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردەوە و گوتی: "بەرژەوەندییە هاوبەشە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکانی نێوان ئەفغانستان و ئێران دەرفەتێکە بۆ بەهێزکردنی هاوکارییە دوو قۆڵییەکان. سەردانی داهاتووی سەید عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کابول هەنگاوێکی بنیاتنەرە بە ئاراستەی پتەوکردنی ئەو پەیوەندییانە."
ئەو بەرپرسەی حکومەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان هەروەها گوتی: "سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کابول دەتوانێت پەیوەندییەکانی نێوان تاڵیبان و ئێران بباتە قۆناخێکی نوێ."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ