هەولێر دیجیتاڵ
رێكخراوی سینەمای ئێران ناوی ئەو خانمە ئەکتەرانەی بڵاوکردەوە، کە کارکردنیان لێ قەدەخە کراوە. وەزیری کولتوور و ئیرشادی ئێرانیش رایگەیاند، "باڵاپۆشی لە ئێران یاسایە و ئەو کەسانەی پابەندی یاسا نەبن، ناتوانن کار بکەن."
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، لیستی ئەو خانمە ئەکتەرانەی کە قەدەخەی کارکردنیان لەسەر دانراوە لەلایەن رێکخراوی سینەمای ئەو وڵاتەوە بڵاوکراوەتەوە و لە لیستەکەدا 12 خانمە ئەکتەری بەنێوبانگ هەن کە بریتین لە: باران کەوسەری، ویشکا ئاسایش، تەرانە عەلیدوستی، کەتایون ریاحی، فاتیمە موعتەمیدئاریا، ئەفسانە بایگان، پانتەئا بەهرام، هەنگامە قازیانی، پگاه ئاهەنگەرانی، مەریەم بووبانی، گوڵاب ئادینە، شەقایق دهقان، ئابان عەسکەری.
رۆژی چوارشەممە 25-10-2023، حەبیب ئیل بەیگی، بەڕێوەبەری چاودێری رێكخراوی سینەمای ئێران لەبارەی قەدەخەکردنی کاری ئەو ئەکتەرە ژنانە رایگەیاند، ئەو کەسانە بەهۆی ئەو سنووردارییەی کە بۆیان دانراوە، ناتوانن لە فیلمە سینەماییەکان رۆڵ بگێڕن.
ئیل بەیگی گوتی، "بەرهەمەکانی پێشوویان بە نۆرە بڵاودەکرێنەوە بۆئەوەی خاوەنی فیلمەکان زەرەر نەکەن، چونکە سەرمایەیەکی گەورە لە بەرهەمهێنانی فیلمەکاندا خەرجکراوە؛ بەڵام لەمەودوا ناتوانن لە فیلمێکی نوێدا رۆڵ بگێڕن."
محەمەدمەهدی ئیسماعیلی، وەزیری کولتوور و ئیرشادی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەمڕۆ قەدەخەکردنی کاری لە ژمارەیەک خانمە ئەکتەری سینەمای ئەو وڵاتەی پشتڕاست کردەوە و رایگەیاند، "ئێمە پێشتریش رامانگەیاندبوو کە باڵاپۆشی یاسایە و ئێمە یاسا جێبەجێ دەکەین، من چەندینجار رامگەیاند، ئەو کەسانەی یاسا جێبەجێ ناکەن، ناتوانن کار بکەن."
محەمەدمەهدی ئیسماعیلی، سەرەتای مانگی رابردووش گوتبووی، "ئەو خانمە ئەکتەرانەی پابەندی باڵاپۆشی نەبوون، گەیشتوونەتە ئەو بژارە نوێیە کە پابەندی یاساکان نەبن. ئێمە لە بواری کولتوور و هونەر لە خزمەتی ئەو کەسانەداین کە پابەندی یاسان. زۆربەی ئەوانەی لە بواری کولتوور و هونەردا چالاکن، لەگەڵ یاسان، بەڵام ئەگەر کەسێک رژد بێت لەسەر یاساشکێنی، شتێکی زۆر ئاساییە کە یاسا ناتوانێت پشتیوانی لێ بکات."
ئەو خانمە ئەکتەرانەی کاری سینەما و رۆڵگیڕانیان لە فیلمدا لێ قەدەخە کراوە، لە کاتی بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانەکانی ساڵی رابردوو، پشتگیرییان بۆ داواکاریی خۆپێشاندەران دەربڕیبوو و رەخنەی تووندیان لە حکومەت گرتبوو، هەروەها دژی یاسای باڵاپۆشیی ناچاری لە ئێران، لەچکەکانیان فڕێدابوو.
ژمارەیەک لەو خانمە ئەکتەرانە، وەکو کەتایون ریاحی، باران کەوسەری، تەرانە عەلیدوستی و شەقایق دهقان بۆ ماوەی چەند رۆژێک دەستگیر کرابوون و دواتر بە پارەیەکی زۆر ئازاد کرابوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ