بەریتانیا چوار فەرماندەی سوپای پاسداران دەخاتە لیستی سزاکانییەوە

25-04-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتی بەریتانیا چەند فەرماندەیەکی سوپای پاسداران بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ تۆمەتبار دەکات و دەیانخاتە نێو لیستی سزاکانییەوە بۆ سەر ئێران.
 
رۆژی دووشەممە، 24ـی نیسانی 2023، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، لە بەرامبەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، سزای نوێیان بەسەر چوار فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێراندا سەپاندووە.
 
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ئاماژەی بەوە کردووە، سوپای پاسداران لەژێر فەرماندەیی ئەو چوار فەرماندەیەدا تەقەیان لە خۆپێشاندەران کردووە، ئەشکەنجەی زۆری خۆپێشاندەرانیان داوە و چەندین خۆپێشاندەریشیان دەستگیر کردووە.
 
هەروەها لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیادا هاتووە، "بەریتانیا، ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا بەردەوام هاوئاهەنگ و هاوکاربوون بۆ لێپرسینەوە لە رژێمی ئێران."
 
لەبارەی سزا نوێیەکان، جەیمس کلیڤەرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، "رژێمی ئێران بەرپرسیارە لە سەرکوتکردنی دڕندانەی گەلی ئێران و ئەنجامدانی تاوانی کوشتن لە تەواوی جیهاندا. بەریتانیا و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی چاوپۆشی لە ستەمی دڕندانەی رژێمی ئێران ناکەن."
 
هاوکات، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تویتێکدا رایگەیاند، ئەمریکا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ شانشینی بەریتانیا کۆمەڵێک سزای بەسەر بەرپرسانی ئێراندا سەپاند، گوتیشی: "پابەندین بە پشتگیریکردنی گەلی ئێران کە لەلایەن رژێمی ئێرانەوە بەشێوەیەکی دڕندانە سەرکوت دەکرێن."
 
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا هاتووە کە هەموو ئەو سزادراوانەی ناویان لە لیستی سزاکاندا هاتووە ناتوانن بە هیچ جۆرێک سەردانی بەریتانیا بکەن و هەموو سەروەت و سامانەکەیان لە بەریتانیا بلۆک دەکرێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە