رۆژی هەینی دوو هەڵبژاردن لە ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان بەڕێوەدەچن

24-02-2016
رووداو @Rudawkurdish
...
...
نیشانەکردن هەڵبژاردنی ئێران
A+ A-

رووداو - هەولێر

رۆژی 26ی مانگی شوباتی 2016، ئێرانییەکان و خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان روودەکەنە  دوو سندووقی هەڵبژاردن، یەکێکیان تایبەتە بە خولی دەیەمی ئەنجوومەنی شوورا کە پەرلەمانی ئەو وڵاتە 290 کورسی لەخۆدەگرێت و، دووەم هەڵبژاردن تایبەتە بە خوولی پێنجەمی ئەنجوومەنی شارەزایان کە 88 ئەندام لەخۆدەگرێت.

تا ئێستا هەموو ئاماژەکان وای پیشان دەدەن باڵی پارێزگارانی راستڕەوی نێو سیستمی سیاسی ئێران براوەی زۆرینەی هەردوو ئەنجوومەنەکە بێ، بەتایبەتی لەدوای دوورخستنەوەی بەلێشاوی کاندیدە میانڕەوەکان لە بەشداریکردن لە هەردوو هەڵبژاردنەکاندا.

ئەنجوومەنی شارەزایان، گرنگترین ئەنجوومەنی ئێرانە، بەرپرسە لە چاودێریکردنی رابەری گشتی ئێران و هەروەها دەستنیشانکردنی رابەری داهاتووی ئەو وڵاتە لەدوای خامنەیی، لەنێو ئەو ئەنجوومەنەدا، چەندین کەسایەتی کاریگەر هەن کە رۆڵی یەکجار بەهێز دەگێڕن لە دیاریکردنی ئایندەی ئێران لە قۆناخی دوای خامنەیی.

هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی شارەزایان پێوەرێکە بۆ هەندێ کەسایەتی گرنگ کە ئەندامی ئەو ئەنجوومەنەن و ئومێد دەخوازن جارێکی دیکە هەڵبژێردرێنەوە، گرنگترینیان:

حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆمار، لە ساڵی 2000 تا ئێستا ئەندامی  ئەنجوومەنی شارەزایانە، لە هەڵبژاردنەکانی رۆژی 26ی شوبات رۆحانی کار بۆ دەستەبەرکردنی کورسی تاران دەکات.


عەلی ئەکبەر هاشمی رەفسنجانی، یەکێک لە ئەندام و سەرکردە کاریگەرە بەهێزەکانی ئەنجوومەنی شارەزایانە، لەنێوان ساڵەکانی 2007 تا 2011 سەرۆکی ئەنجوومەنەکە بووە، لەدوای ساڵانێکی زۆر لە نزیکی لە خامەنەیی، ئاراستەی خۆی بۆ نێو باڵی چاکسازی و میانڕەوەکان گۆڕی، هەرگیز ناکرێت رەفسنجانی بەهەند وەرنەگیرێت.

 سادق لاریجانی، سەرۆکی دادوەری، باڵی بەهێزی پارێزگارانەو، لە عەلی ئەکبەر خامەنەییەوە نزیکە.


محەممەد تەقی مسباح یەزدی، باڵی راستڕەوی پارێزگاری ئێران، دژ بە سیستمی دیموکراتییە، یەکێک لە گوتارە بەناوبانگەکانی ئەو: ئیسلام دەوڵەتی خودایە نەک دەوڵەتی گەل، هەوڵدەدات لە نێو ئەنجوومەنی شارەزایان پێگەی چاکسازەکان لاواز بکات و پۆستی رابەری گشتی وڵات نەکەوێتە ژێر دەستی میانڕەوەکان.

ئێستا باڵی راستڕەوە پارێزگارانی ئێران باڵیان بەسەر هەردوو ئەنجوومەنی شوورا و شارەزایانی ئەو وڵاتە کێشاوەو، زۆرینەی کورسییەکانی پێکدەهێنن.

لەگەڵ دوورخستنەوەی کاندیدە میانڕەو و، چاکسازەکانی ئێران لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان، ئەگەری گۆڕینی هاوکێشەی باڵانسەکانی هێز لە نێو سیستمی سیاسی ئەو وڵاتە بە سوودی میانڕەوەکان، قورستر دەکات.

پێکەوە کارکردنی بەرەی چاکسازان و میانڕەوان لەبەرامبەر بەرەی راستڕەوانی ئێران، ئەگەری لەرزاندنی پێگەی پارێزگاران لە نێو قوچەکی دەسەڵاتدا، زیاتر دەکات.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە