رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ئابووری و دارایی ئێران رایگەیاندووە، سیاسەتی حکومەت ئەوەیە گۆڕەپانی ئابووریی وڵات بداتە دەستی کەرتی تایبەت. هەروەها "پێویستە بە بێ دەستێوەردانی حکومەت دۆخی ئابووریمان باشتر بکەین."
عەلی خامنەیی، رێبەری ئێرانیش پشتگیری لەو سیاسەتە دەکات: "سیستمی بڕیاردان و دەسەڵاتی جێبەجێکاری وڵات دەبێت یارمەتی کەرتی تایبەت بدات؛ ئەمە پێویستە بکرێت. دەبێت یارمەتیدەر بێت. گرنگترین یارمەتیش لابردنی ئاستەنگەکانە. بەداخەوە تێبینی دەکەم لە هەندێک شوێن دەزگاکانی حکومەت یان دەزگاکانی چاودێری لەبری ئەوەی یارمەتی کۆمپانیاکە بدەن ئاستەنگ دروست دەکەن."
یەکێک لە بەربەستە سەرەکییەکان بۆ ئەم پلانەی حکومەت، کورتهێنانی گاز و کارەبایە کە لە هاوینی ساڵی رابردووەوە تووشی ئێران بووە و حکومەت ناچار بووە، کارەبا لە سەر ماڵان و کارگە پیشەسازییەکان ببڕێت.
جاوید تالبی، وەبەرهێنەر لە کەرتی تەندروستی دەڵێت: "کۆمپانیاکانمان دادەخەن و چاوەڕێن کەرتی تایبەت بەرپرسیارییە داراییەکانی بەرامبەر فەرمانگە حکومییەکان جێبەجێ بکەن. لە کاتێکدا پێویستە ئاگامان لە تەکنولۆژیای نوێ بێت، لەم هەلومەرجەدا ئێمە نیگەرانیی سەرەکیمان بڕینی گاز و کارەبایە."
حکومەتی مەسعود پزیشکیان دەڵێت، ئەوان هۆکاری کێشەکان نین و لە حکومەتەکانی پێشترەوە بۆیان بە میرات ماوەتەوە، بەڵام هەوڵ دەدەن چارەسەریان بکەن.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران ئاماژە بەوە دەکات: "من کورتهێنانی گاز و کارەبام دروست نەکردووە، بەڵکۆ بۆمان بە میرات ماوەتەوە. هەوڵی چارەسەرکردنیان دەدەین و پێمواتە بە هاودڵی و هاوکاری لەگەڵ یەکتر دەتوانین چارەسەریان بکەین."
گرتنەبەری سیاسەتی هێنان پێشی کەرتی تایبەت بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکانی ئێران لە کاتێکدایە، بەرپرسانی ئەو وڵاتە لەوە نیگەرانن بە هاتنەسەرکاری ترەمپ، گۆشارەکانی سەر ئەو وڵاتە زیاتر ببن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ