رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گومرکی پارێزگای ئیلام رایگەیاند، هەناردەی کەلوپەل لە رێگەی دەروازەی سنووریی میهرانەوە یەک ملیار و 300 ملیۆن دۆلاری تێپەراندووە. راشیگەیاند رۆژانە 600 بارهەڵگر لە دەروازەکە بەرەو عێراق دەچن.
سوهراب کەمەری، بەڕێوەبەری گشتیی گومرکی ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە 10 مانگی رابردوودا زیاتر لە دوو ملیۆن و 223 هەزار و 437 تۆن کاڵا و شتومەک لە دەروازەی سنووریی میهرانەوە، هەناردەی عێراق و وڵاتانی دیکە کراوە.
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی گومرکی ئیلام، بەهای کەلوپەلە هەناردەکراوەکان لە رێگەی دەروازەی سنووریی میهرانەوە، زیاتر لە یەک ملیار و 311 ملیۆن دۆلار بووە و رۆژانە لە رێگەی 600 بارهەڵگرەوە، کەلوپەل لەو دەروازە سنوورییەوە، گواستراوەتەوە عێراق.
سوهراب کەمەری گوتی، زۆرترین ئەو شتومەکانەی لە رێگەی دەروازەی سنووریی میهرانەوە هەناردە کراون، بریتین لە بەرهەمە پترۆکیمیاییەکان، ئامێر و پارچە یەدەگی تایبەت بە وێستگەکانی کارەبا، کەرەستەی بیناسازی وەکو چیمەنتۆ، کاشی، سیرامیک، بەرد، شیش و ئاسن، بەرهەمە پلاستیکییەکان و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان.
بەڕێوەبەری گشتیی گومرکی ئیلام هەروەها راشیگەیاند، ساڵی رابردووی هەتاوی (21-3-2023 تاوەکو 21-3-2024) زیاتر لە سێ ملیۆن و 220 هەزار تۆن شتۆمەک کە بایی زیاتر لە یەک ملیار و 811 ملیۆن دۆلار لە دەروازەی سنووریی میهرانەوە هەناردەی عێراق کرابوو.
دەروازەی سنووریی میهران بە دووری 85 کیلۆمەتر کەوتووەتە باشووری رۆژئاوای شاری ئیلام و لە دیوی عێراقەوە دەکەوێتە سنووری پارێزگای واست و ناوی (زڕباتیە)یە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ