رووداو دیجیتاڵ
جێگری وەزیری دادوەریی ئێران رایگەیاند، 27 گیراوی ئێرانی کە لە گرتووخانەکانی تورکیا بوون، لە لایەن حکومەتی تورکیاوە رادەستی ئێران کرانەوە.
رۆژی پێنجشەممە 23ـی کانوونی دووەمی 2025، عەسکەر جەلالیان، جێگری وەزیری دادوەریی ئێران بۆ مافی مرۆڤ و کاروباری نێودەوڵەتی رایگەیاند، ئەمڕۆ 27 گیراوی ئێرانی کە لە گرتووخانەکانی تورکیا زیندانی بوون، دوای تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان لە لایەن حکومەتی تورکیاوە رادەستی ئێران کرانەوە.
بە گوتەی عەسکەر جەلالیان، ئەو گیراوانە بە ئامادەبوونی بەرپرسانی دەسەڵاتی دادوەری و هێزە ئەمنییەکانی هەردوو وڵات، لە دەروازەی سنووریی بازرگان کە دەکەوێتە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، رادەستی لایەنی ئێرانی کرانەوە.
بەرپرسەکەی وەزارەتی دادوەریی ئێران هەروەها رایگەیاند، رادەستکردنی ئەو گیراوانە بەپێی رێککەوتنی نێوان ئێران و تورکیا بۆ گواستنەوەی سزادراوانی هەردوولا بووە و ئەو کەسانە ماوەی سزاکانیان لە زیندانەکانی نێوخۆی ئێران بەڕێدەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ