رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، لە سەرەتاوە لەگەڵ دانوستاندن بوون، "بەڵام ناچینە ژێرباری زۆرەملێ و گوشار''؛ لەبارەی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکاش گوتی، ''ئەگەر بە رێزەوە هەنگاو بنێن، دانوستاندن دەکەین.''
شەوی پێنجشەممە، 20-02-2025، مەسعود پزیشکیان لە دیدارێکدا لەگەڵ بەرپرسان و خەڵکی شارەکانی رۆژئاوای پارێزگای تاران سەبارەت بە دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا گوتی: ''لە سەرەتاوە رامانگەیاندووە کە لەگەڵ گفتوگۆ و دانوستاندنین، بەڵام نەک بە هەموو شێوەیەک. ئێمە ناچینە ژێرباری زۆرەملێ و گوشار.''
رۆژی 4ـی شوباتی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی سەرۆکایەتی بۆ دەستپێکردنەوەی سیاسەتی ''ئەوپەڕی گوشار'' لە دژی ئێران واژۆ کرد، بەڵام هیوای خواست دانوستاندن بکرێت و پێویست نەبێت سزا قورسەکان بەکاربێنن. مەسعود پزیشکیان گوتی: ''ناکرێت داوای دانوستاندن بکەن، بەڵام دەست بینێنە قورگمانەوە.''
سەرۆککۆماری ئێران گوتیشی: ''ئەگەر [ئەمریکییەکان] بە رێزەوە بێنە پێشەوە، دانوستاندن دەکەین.''
دۆناڵد ترەمپ ساڵی 2018ـەش لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا، جیا لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشار" دژی ئێران، لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015ـەش کشایەوە.
مەسعود پزیشکیان دەڵێت: ''قبووڵکراو نییە ترەمپ لە هەموو بوارێکدا بڕیار بدات و بڵێت چی بکەن یان چی مەکەن، بڵێت چەکتان نەبێت، مووشەکتان نەبێت و هەر شتێکمان گوت ئێوە قبووڵی بکەن، پاشان رژێمی زایۆنیش هەرکات کە ویستی بە مووشەک هێرشمان بکاتە سەر و ئەمریکاش پاڵپشتییان لێ بکات.''
سەرۆککۆماری ئێران شیعرێکی بە زمانی ئازەری خوێندەوە و لەبارەی واتاکەی گوتی، ''ئەگەر بڕیار بێت مرۆڤ لە کولانەی رێویدا خۆی بشارێتەوە، باشترە بێتە دەرەوە و شێر بیخوات.''
قسەکانی پزیشکیان دوای ئەوە دێن کە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە 7ـی شوباتی 2025 دانوستاندنی لەگەڵ ئەمریکا رەتکردەوە و گوتی، ''هیچ کاریگەرییەکی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی وڵاتدا نییە''.
ئەوە لەکاتێکدایە رۆژنامەی واشنتن پۆست، رۆژی پێنجشەممە بە گەڕانەوە بۆ هەواڵگریی ئەمریکا باسی لەوە کرد، گوایە ئیسرائیل "لەوانەیە لە شەش مانگی یەکەمی 2025 هەوڵی هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ و نەتەنزی ئێران بدات."
مەسعود پزیشکیان دەشڵێت: ''ئەو بەڕێزە [ترەمپ] پێیوایە ئەگەر هەڕەشەمان لێبکات، سبەی ئێمە ملکەچی دەبین و دەڵێین زۆر باشە، هەرچی تۆ گوتت قبووڵی دەکەین. بەڵام ئێمە مرۆڤین و کەرامەتمان هەیە. ئەگەر بە پاراستنی کەرامەتەوە بێت، گفتوگۆ دەکەین، بەڵام بڕیار نییە بچینە ژێرباری زۆرەملێ، ئێمە لە ترسی شێر، لە کولانەی رێویدا خۆمان ناشارینەوە.''
ترەمپ پێشتر بە رۆژنامەی نیویۆرک پۆستی راگەیاندبوو: "من رێککەوتنێکی بێ ئەتۆمیم لەگەڵ ئێران دەوێت. ئەمەم پێ باشترە لەوەی بۆردوومان بکرێت،" گوتبووشی: "ئەگەر رێککەوتنەکە بکەین، ئیسرائیل بۆمبارانیان ناکات."
بەرپرسانی ئێران لە ئەگەری هەر هێڕشێکدا، هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە لە تەلئەڤیڤ و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکەن و دەڵێن: "ئەگەر 100 [دامەزراوەی ئەتۆمی] وێران بکەن، منداڵانمان هەزاریان دروست دەکەنەوە.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ