کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی ئێران رادەگیرێن

20-05-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، دوای راگەیاندنی ماتەمینیی گشتی بۆ ''شەهیدبوون''ـی سەرۆککۆمار و شاندی یاوەری، کۆبوونەوەکانی پەرلەمان رادەگیرێن و دەخرێنە هەفتەی داهاتوو.
 
سەید نیزامەدین مووسەوی، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران ئەمڕۆ رایگەیاند، ''بە لەبەرچاوگرتنی دوایین رووداوەکان، دوای راگەیاندنی ماتەمینیی گشتی لە وڵات، پەرلەمان کۆبوونەوەی رۆژانی سێشەممە و چوارشەممەی رادەگرێت و دەیخاتە هەفتەی داهاتوو.''
 
سەید نیزامەدین مووسەوی گوتیشی هێشتا سەرۆکایەتیی پەرلەمان هیچ باسێکی لە راگرتنی کۆبوونەوەکان نەکردووە، ''بەڵام ئەمە بە لەبەرچاوگرتنی ماتەمینی گشتییە.''
 
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی پەرلەمان لەبارەی کردنەوەی خولی دوازدەیەمی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی دا، ''رێوڕەسمی کردنەوەی بەڕێوەدەچێت، بەڵام بە شێوەی رابردوو نابێت.''
 
دوێنێ (یەکشەممە، 19-5-2024) دوای تێکشکانی هێلیکۆپتەرەکەیان لەکاتی گەڕانەوەیان لە ئازەربایجانەوە بۆ ئێران، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران و یاوەرەکانی کە وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی لەنێواندایە، گیانیان لەدەستدا.
 
بڕیاربوو، رۆژی دووشەممە 27-05-2024، خولی 12ـیەمی پەرلەمان دەستبەکار بێت، بەڵام عەلیڕەزا سەلیمی، ئەندامی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند "بە لەبەرچاوگرتنی ئەم کارەساتە" ئەگەری زۆرە کاتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی کردنەوەی خولی نوێی پەرلەمان بگۆڕدرێت و لە کاتێکی دیکەدا بکرێت.
 
لەگەڵ رەئیسی، هەر یەکە لە حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئایەتوڵڵا ئەلهاشم، پێشنوێژ و گوتارخوێنی تەورێز، مالیک رەحمەتی، پارێزگاری تەورێز، سەرۆکی پاسەوانەکان و پاسەوانێکی سەرۆککۆمار، فڕۆکەوانەکە و دوو یاریدەدەری لە هێلیکۆپتەرەکەدا بوون و سەرجەمیان گیانیان لەدەستدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە