حکومەتی ئێران بە سەرۆکایەتیی جێگری یەکەمی رەئیسی لە کۆبوونەوەدایە

20-05-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران رایگەیاند، دوای گیانلەدەستدانی ئیبراهیم رەئیسی، کۆبوونەوەی خێرا و نائاسایی حکومەت بە سەرۆکایەتیی جێگری یەکەمی سەرۆککۆمار، دەستپێدەکات.
 
بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 20-05-2024 سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران رایگەیاند، کۆبوونەوەی نائاسایی و خێرای دەوڵەت بە سەرۆکایەتیی محەممەد موخبیری دێزفوولی، جێگری یەکەمی سەرۆککۆمار دەستپێدەکات.
 
کۆبوونەوەکە دوای گیانلەدەستدانی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران و یاوەرانی دێت کە لەکاتی گەڕانەوەیان لە ئازەربایجانەوە بۆ ئێران، هێلیکۆپتەرەکەیان تێکشکا.
 
محەممەد موخبیری دێزفوولی کە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی حکومەت بەڕێوەدەبات، لە ئابی 2021ـەوە وەکو حەوتەمین جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران دەستبەکار بووە؛ ئێستا بەپێی مادەی 131ی دەستووری ئێران، دەبێت جێگەی ئیبراهیم رەئیسی بە شێوەی کاتی پڕبکاتەوە.
 
 
بەگوێرەی مادەکە، دوای نەمان یان نەخۆشکەوتنی سەرۆککۆمار، بە رەزامەندیی رێبەری ئێران، دەسەڵاتەکانی دەدرێتە جێگری یەکەمی سەرۆککۆمار، دەبێت جێگری یەکەم لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئەنجوومەنێک پێکبهێنن و لە ماوەی 50 رۆژدا ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێ بکەن.
 
هەر لەگەڵ رەئیسی، هەر یەکە لە حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران؛ ئایەتوڵڵا ئەلهاشم، پێشنوێژ و گوتارخوێنی تەورێز؛ مالیک رەحمەتی، پارێزگاری تەورێز؛ سەرۆکی پاسەوانەکان و پاسەوانێکی سەرۆککۆمار، فڕۆکەوانەکە و دوو یاریدەدەری گیانیان لەدەستداوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە