رووداو دیجیتاڵ
دوای کۆبوونەوەی حکومەتی ئێران بە سەرۆکایەتیی جێگری یەکەمی سەرۆککۆمار، هەر سێ سەرۆکایەتیی وڵاتەکە لە کۆبوونەوەیەکدا پێداگرییان لە هاوکاری و هاوئاهەنگیی زیاتر کردەوە.
بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 20-05-2024 دوای گیانلەدەستدانی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران و شاندی یاوەری؛ محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران؛ غوڵامحوسێن موحسینی ئیژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران و محەممەد موخبیری دێزفوولی، جێگری یەکەمی سەرۆککۆمار کۆبوونەوەیەکی نائاساییان کرد.
بەگوێرەی میدیای ئێران، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە بەردەوامبوون لە گەیاندنی خزمەتگوزاری بە خەڵک و، هاوکاری و هاوئاهەنگیی زیاتری هەر سێ سەرۆکایەتییەکە کراوەتەوە.
محەممەد موخبیر ئاماژەی بەوە کرد، "لە بەڕێکردنی ئەرکەکان، بەبێ هیچ کەموکوڕییەک لە رێگەی ئایەتوڵڵا رەئیسیدا بەردەوام دەبین، ئیمام خامنەیی و گەلی ئێران دڵنیا بن، رێگەی ئێمە، رێگەی سەرۆککۆمارە و خزمەتگوزاری ناوەستێت."
لەگەڵ رەئیسیدا هەریەکە لە حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران؛ ئایەتوڵڵا ئەلهاشم، پێشنوێژ و گوتارخوێنی تەورێز؛ مالیک رەحمەتی، پارێزگاری تەورێز؛ سەرۆکی پاسەوانەکان و پاسەوانێکی سەرۆککۆمار، فڕۆکەوانەکە و دوو یاریدەدەری لە هێلیکۆپتەرەکەدا بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ