رووداو- هەولێر
سوپای پاسداران دەڵێت، لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان لە نزیک سنووری پاکستان، لە شەڕێکدا 4 ئەندامی سوپای پاسداران کوژراون.
بەشی پەیوەندییەکانی قەرارگای قودس، لقی سوپای پاسداران لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان ئەمڕۆ دووشەممە 19-12-2022 بڵاویکردەوە: "بەیانی ئەمڕۆ لە ناوچە سنوورییەکانی شاری سەراوان، گرژی لەنێوان هێزی وشکانی سوپای پاسداران و هێزێکی چەکداردا روویدا" و تێیدا 4 ئەندامی سوپای پاسداران کوژران کە یەکێکیان فەرماندەیەکە.
بەپێی راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران، هیچ کەس لە ئەندامانی ئەو گرووپە چەکدارە نەکوژراوە و دوای گرژییەکە "رایانکردووە و چوونەتە نێو خاکی پاکستانەوە".
سوپای پاسداران نەیگوتووە شەڕ لە گەڵ چ گرووپێکدا بووە، ئەگەرچی وەک گرووپێکی "تیرۆریستی" لە قەڵەمی داون.
کۆماری ئیسلامی ئێران رێکخراوە بەلوچەکان وەک گرووپی تیرۆریستی ناودەبات.
لە ساڵانی رابردوویشدا لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان شەڕ لەنێوان رێکخراوە چەکدارە بەلوچەکان و هێزەکانی سوپای پاسداراندا هەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ