رووداوی دیجیتاڵ
لە پارێزگای لوڕستان دەست بەسەر 11 پارچە شوێنەواردا گیرا کە مێژووی بەشێکیان بۆ 1000 ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە؛ پەیوەست بە دۆسیەکە کەسێک دەستگیر کراوە.
عەلی قەدەمی، فەرماندەی یەکەی پاراستنی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی میراتی کولتووری، گەشتیاری و پیشە دەستییەکانی پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە چوارچێوەی نەهێشتنی کڕین و فرۆشتنی شوێنەواری مێژوویی سنوورەکە، هەڵمەتێکی چڕیان بۆ دۆزینەوەی قاچاخچییانی ئەو بوارە دەستپێکردووە.
عەلی قەدەمی گوتی، تیمەکانیان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی دادی پارێزگاکە، لە سنووری شاری خوڕەمئاوا لە ئۆپەراسیۆنێکدا دەستیان بەسەر 11 پارچە شوێنەواردا گرت.
بە گوتەی فەرماندەی یەکەی پاراستنی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی میراتی کولتووری، گەشتیاری و پیشەدەستییەکانی لوڕستان، مێژووی بەشێک لە شوێنەوارەکان بۆ هەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە.
عەلی قدەمی ئەوەشی خستەڕوو، پەیوەست بە دۆسیەکە کەسێک دەستگیرکراوە کە خەڵکی خوڕەمئاوایە و شوێنەوارەکانی بە شێوەیەکی نایاسایی لە ماڵەکەیدا هەڵگرتووە؛ گوتیشی، ''دوای لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، رادەستی دەسەڵاتی دادی پارێزگاکە کراوە.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ