رێبەری ئێران لێبووردن و کەمکردنەوەی سزای بۆ زیاتر لە 2600 زیندانیی دەرکرد

17-06-2024
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بە بڕیاری عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، زیاتر لە دوو هەزار و 600 کەس لە زیندانیانی ئەو وڵاتە بەر لێبووردنی گشتی و کەمکردنەوەی سزا کەوتن و سزای لەسێدارەدانی 29 کەسیش هەڵوەشێندرایەوە.
 
ئەمڕۆ لە ئێران و بەشێکی رۆژهەڵاتی کوردستان یەکەمین رۆژی جەژنی قوربانە. ناوەندی راگەیاندنی نووسینگەی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە، 17ی حوزەیرانی 2024، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، عەلی خامنەیی بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە بڕیاری لێبووردنی گشتی و کەمکردنەوەی سزای بۆ دوو هەزار و 654 زیندانی دەرکردووە.
 
هاوکات، ئاژانسی میزان، میدیای فەرمیی دەسەڵاتی دادی ئێران بڵاویکردەوە، دۆسیەی ئەو کەسانە لە لیژنەی لێبووردن و کەمکردنەوەی سزای دەسەڵاتی دادەوە لێکۆڵینەوەی لەبارەوە کراوە و دوای پەسندکردنی لە لایەن غوڵامحوسێن موحسینی ئیژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادەوە بۆ نووسینگەی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران نێردراوە. 
 
سادق رەحیمی، جێگری سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێرانیش ئەمڕۆ رایگەیاند، دوای ناردنی لیستی ناوی زیندانیان، عەلی خامنەیی رەزامەندی لەسەر کەمکردنەوە، گۆڕینی سزا و ئازادکردنی ژمارەیەک زیندانی داوە.
 
سادق رەحیمی ئاماژەی بەوەش کرد، بەپێی بڕیارەکە هەزار و 38 کەس لە زیندان ئازاد دەکرێن و دۆسیەکانیان بە تەواوی دادەخرێت، هەزار و 616 کەسی دیکەش سزاکانیان کەم دەکرێتەوە. 
 
بەگوتەی جێگری سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران، سزای لەسێدارەدانی 29 کەسیش هەڵدەوەشێتەوە و سزاکەیان بە زیندانیکردن دەگۆڕدرێت.
 
ئەو بەرپرسەی دەسەڵاتی دادی ئێران گوتی، 30 کەس لەوانەی بڕیارەکە دەیانگرێتەوە خەڵکی وڵاتانی دیکەن، 182 کەسیان ژنن، 53 کەسیان بەندکراوی ئەمنی و شەش کەسیشیان تەمەنیان لە خوار 18 ساڵەوەیە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە