رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سنە دەڵێت، ئەو کەسەمان دەستگیر کرد کە زیاتر لە 153 ملیار تمەن (نزیکەی دوو ملیۆن دۆلار)ـی لە هاونیشتمانییان بردبوو. گوتیشی، تاوەکو ئێستا 72 سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە.
دوێنێ (یەکشەممە، 16-02-2025) عەلی ئازادی، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، دوای تۆمارکردنی سکاڵای زۆر لەسەری، کەسێکیان دەستگیرکردووە کە لە شاری مەریوانی سەر بە پارێزگاکە، زیاتر لە 153 ملیار تمەنی (نزیکەی دوو ملیۆن دۆلار) هاونیشتمانییانی بردووە.
عەلی ئازادی لەبارەی ساختەکارییەکەوە گوتی، هاونیشتمانییان وەکو پێشەکیی کڕینی ئۆتۆمبێل، بڕە پارەیەکی زۆریان داوەتەوە تۆمەتبار، دواتر هیچ ئۆتۆمبێلێکیان رادەست نەکراوە.
بەگوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگاکە، دوای بەدواداچوونی زۆر، تۆمەتبار لە سنووری پارێزگایەکی ئێران دەستگیرکراوە و لەکاتی لێکۆڵینەوەدا، دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.
وەک عەلی ئازادی دەڵێت، تاوەکو ئێستا 72 کەس سکاڵایان لەسەر تۆمەتبار تۆمارکردووە و دۆسیەکەی رادەستی دەسەڵاتی دادی پارێزگاکە کراوە.
لە ئێران دوو کۆمپانیای گەورەی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل هەن. سایپا و ئێران خودرۆ، کە زۆر جار جیا لە ناڕەزایی لە نرخ و کوالێتیی ئۆتۆمبێلەکان، لەلایەن بریکارەکانی ئەو دوو کۆمپانیایەوە، بەوشێوەیە پارەی کڕیاران دەفەوتێت یان بە درەنگەوە ئۆتۆمبێلەکانیان رادەست دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ