کەسێک لە ئێران 12 ئەندامی خێزانەکەی دەکوژێت

17-02-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەهۆی کێشەیەکی خێزانییەوە، کەسێک لە شاری فاریابی سەر بە پارێزگای کرمانی ئێران تەقە لە ئەندامانی خێزانەکەی دەکات و 12 کەس دەکوژێت. پۆلیسی فاریاب دەڵیت، ''لە کاتی دەستگیرکردنیدا، تەقەکەرەکەش کوژراوە''. 
 
رووداوەکە بەیانیی ئەمڕۆ شەممە روویداوە.
 
بەگوتەی عەمید ناسر فەرشید، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای کرمان، بەهۆی کێشەیەکی خێزانییەوە کەسێک تەقەی لە ئەندامانی خێزانەکەی کردووە و دوای کوشتنی 12 کەس، لە گوندەکەیان هەڵاتووە.
 
عەمید ناسر فەرشید ئاماژەی بەوە کرد، ''تیمەکانی پۆلیس دەستبەجێ لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکرد و شوێنی تەقەکەرەکە ئاشکرا بوو کە خۆی لە گوندی مێهروییەی سەر بە فاریاب حەشاردابوو.''
 
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای کرمان ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی خۆبەدەستەوەنەدانی تەقەکەرەکە، شەڕ لەگەڵ هێزەکانی پۆلیس دروستبووە و ئەویش کوژرا.
 
عەمید ناسر فەرشید دەڵێت، تەقەکەرەکە تەمەنی 30 ساڵ بووە و لە ئەنجامی دروستبوونی کێشەی خێزانی، بە چەکی جۆری کەڵاشینکۆف تەقەی کردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە