رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیەکی سوپای پاسدارانی ئێران، کە پێشتر جێگری فەرماندەی سوپای سەراوانی سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان بوو، بە دەستڕێژی گوللە کوژرا، تاوەکو ئیستا هیچ گرووپ و لایەنێک بەرپرسیاریێتیی کوشتنەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵیی تەسنیمی سەر بە سوپای پاسداران، ئێوارەی ئەمڕۆ (چوارشەممە 17-01-2024) لە شەقامی خاش-زاهیدانی سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان، عەمیدێکی سوپای پاسداران بە ناوی حوسێنعەلی جاودانفەر، کە جێگری پێشووی فەرماندەی سوپای شاری سەراوان بووە، لەلایەن کەس یان کەسانێکەوە بە دەستڕێژی گوللە کوژرا.
تائێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیاریێتیی هێرشەکەی نەگرتووەتەوە ئەستۆ و، هەر بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵیی تەسنیم، بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی هێرشەکە بەردەوامە.
کوشتنی جێگری پێشووی فەرماندەی سوپای سەراوان لەکاتێکدایە، دوێنێ (سێشەممە) لەنێوان پاسەوانانی سنووری پارێزگای سیستان و بەلووچستان و گرووپێکی چەکدار کە بەنیازبوون لە پاکستانەوە بپەڕنەوە نێو شاری راسکی سەر بە پارێزگاکە، شەڕ روویدا.
بەگوتەی ئەحمەد عەلی گودەرزی، فەرماندەی هێزی پاسەوانیی سنووریی ئێران لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکەی سەر سنووری راسک، یەکێک لە چەکدارەکان کوژراوە و دووانی دیکەش بە برینداری هەڵاتوون، کە هێشتا گەڕان و بەدواداچوون بۆ دەستگیرکردنیان بەردەوامە.
ئەحمەد عەلی گودەرزی گوتیشی، پاسەوانانی سنووری پارێزگاکە دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلێک و بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنیی چەکدارەکاندا گرتووە و هەوڵی ئەنجامی کردەوە ''خراپ و تێکدەرانە''ـکانیان پووچەڵکراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ