ئێران لە رێگەی "یەکەی 400"ەوە پەل بۆ کیشوەری ئەفریقیا دەهاوێت

16-11-2021
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ئێران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە 24ی حوزەیرانی 2019دا، رۆژنامەی 'تەلەگراف'ی بەریتانی، لە زاری سەرچاوەیەکی ئاسایشی ئەوروپی بڵاوکردەوە، کە ئێران دەستیکردووە بە بونیاتنانی ژێرخانێکی نوێ بۆ چالاکییەکانی لە کیشوەری ئەفریقیدا، ئەمەش لەپێناو بەئامانجکردنی ئامانجە ئەمریکی و ئەوروپییەکان، وەک بەشێک لە هەوڵدانی تاران بۆ فراوانکردنی سنووری چالاکییەکانی لە جیهاندا.
 
رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، "ئێران تۆڕێکی شانەی تیرۆریستی لە ئەفریقیا دروستدەکات، وەک وەڵامێک بەرامبەر واشنتن کە بەردەوام سزای نوێ بەسەر تاراندا دەسەپێنێت"، رۆژنامەکە دەڵێ ئەو زانیارییانە کەسایەتییە هەواڵگرییەکانی رۆژئاوا بۆیان ئاشکرا کردووە.
 
ریپۆرتەکە لەلایەن کون کۆگلین، رۆژنامەڤانی بواری بەرگری و ئاسایش ئامادەکراوە. ئەو دەڵێت "تۆڕە تیرۆریسیتییە نوێیەکە بە فەرمانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران دروستکراوە، کە بەرپرسە لە چالاکییە دەرەکییەکانی ئەو سوپایە". سولەیمانی لە هێرشێکی فڕۆکەکانی ئەمریکادا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا لە 3ی یەنایەری 2020دا کوژرا. 
 
ئەو دەڵێ، ئەو تۆڕە لەلایەن 'یەکەی 400'ەوە سەرپەرشتیدەکرێت، بەتایبەت هێزە تایبەتەکانی سەر بە فەیلەقی قودس، چالاکییەکانی بەتایبەت لە هەریەکە لە چاد، نەیجەر، گانا، گامبیا و ئەفریقیای ناوەڕاست ئەنجامدەدات. ئامانجی ئەو پێگانەی ئەگەر هەیە هێرشیان بکاتە سەر، بریتین لە باڵیۆزخانە و بنکەی سەربازیی بیانی و فەرمانبەرانی بیانی.
 
هەمان رۆژنامەڤان دەڵێ، سوودوەرگرتن لە ژێرخانی لەرزۆکی دەوڵەتانی ئەفریقیا و ئازادیی گواستنەوە و بوونی دەستی حیزبوڵڵای لوبنانی لەو ناوچەیەدا، ئاسانکاری زۆری بۆ کارەکانی ئەو تۆڕانە کردووە، بەتایبەت بەقاچاخبردنی چەک.
 
سەنیگال و گانا
 
لە 7ی نۆڤێمبەری ئەمساڵدا، کەناڵی '12'ی ئیسرائیل، لە زاری هەندێک سەرچاوەی گواستەوە، کە دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل 'مۆساد'، زنجیرەیەک هێرشی ئێرانی بۆ سەر ژمارەیەک ئامانجی ئیسرائیلی شکستپێهێناوە، لە ژمارەیەک وڵاتی ئەفریقیا. کەناڵەکە دەڵێ "هێرشکارەکانی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، بۆ ماوەی چەندین مانگ ئامادەکارییان کردووە بۆ هێرشکردنە سەر بزنسمانانی ئیسرائیل لە سەنیگال و گانا، ئەمە جیا لە گەشتی سەفاری لە تەنزانیا کە گەشتیارانی ئیسرائیلی لەوێ ئەنجامیانداوە".
 
رۆژنامەی 'تایمز ئۆف ئیسرائیل' وایداناوە ئەو هێرشەی ئێران، بەشێکە لە پلانێکی فراوانتر، بۆ تۆڵەکردنەوە "لە کوژرانی موحسین فەخریزادە"، زانای ئەتۆمیی ئێرانی کە تاران، ئیسرائیل بەکوشتنی تۆمەتبار دەکات.
 
ماڵپەری 'ئینتلی تایمز' ئاشکرایکردووە، ئەو پێنج کەسەی لە گانا، تانزانیا و سەنیگال بەهەبوونی گومان لە تێوەگلان لە پلاندانان بۆ هێرشکردنە سەر گەشتیار و بزنسمانە ئیسرائیلییەکان تۆمەتبار کراون، لە لوبنان لەلایەن حیزبوڵڵاوە مەشقدراون. 
 
ماڵپەرەکە ئاشكرایکردووە ئەو گرووپە لەژێر ناوی کۆمپانیایەکی گەشتیاری بەناوی "بەغداد" کاریانکردووە و هەموو ئەندامە رێکخراوەکانی شیعەبوون و وڵاتینامەی عەرەبی و بیانییان هەبووە. روونیکردووەتەوە ئەندامەکانی تۆڕەکە لە لوبنان لەلایەن حیزبوڵڵاوە مەشقیان لەبارەی بوارەکانی هەواڵگری و هێرشکردن لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا پێکراوە.
 
شانە ئێرانییە ئەفریقییەکان
 
ئەم دوو هەواڵەی لەسەرەوە ئاماژەیان بۆ کرا، تاکە دوو هەواڵی لەو جۆرە نین، بەڵکو پێشتر چەندین تۆڕ و شانەی دیکەی ئێرانییەکان لەسەر خاکی ئەفریقیا دەستگیرکراون یان ئاشکرا کراون.
لە شوباتی ئەمساڵدا، رۆژنامەی 'نیویۆرک تایمز'ی ئەمریکی ئاشکرایکرد، هەواڵگریی ئەسیوپیا، توانیویەتی شانەیەکی 16 کەسی ئاشکرا بکات، کە چاودێری باڵیۆزخانەی ئیماراتیان کردووە لە وڵاتەکەدا و چەک و تەقەمەنییان شاردووەتەوە.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، بەرپرسانی ئەمریکی و ئیسرائیلی، پەنجەی تۆمەتیان ئاراستەی ئێران کردووە و گوتوویانە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەو وڵاتە لە پاییزی 2020دا، شانە نووستووەکانیان لە ئەدیس ئەبابا زیندووکردووەتەوە. ئەوەشی خستووەتە روو، ئەوان فەرمانیان بەدەستگەیشتووە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر هەردوو باڵیۆزخانەی ئیمارات و ئیسرائیل، لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی فراوانتردا بۆ گەڕان بەدوای ئامانجی ئاسان لە وڵاتانی ئەفریقیا.
 
ئەو رۆژنامەیە هەروەها دەڵێ، لەرێگەی ئەو کارانەوە، ئێرانییەکان بەدوای تۆڵەکردنەوە لە کوژرانی فەخریزادە و قاسم سولەیمانیدا دەگەڕێن.
بەڕێوەبەری هەواڵگریی پێنتاگۆن لە ئەفریقیا، ئەدمیرال هایدی بێرگ، رایگەیاند "ئەو 15 کەسەی دەسەڵاتدارانی ئەسیوپی توانیان دەستگیریان بکەن، لەگەڵ کەسێکی دیکەدا بەناوی ئەحمەد ئیسماعیل ژمارەیان 16 کەسە. ئەحمەد، عەقڵی پلانداڕێژی پشتی ئەو هەوڵە شکستخواردووەیە و لە سوێد دەستگیرکراوە".
 
یەکێک لە ئامانجە ئاشکراکراوەکانی ئەو گرووپە، کە لەدوای دەستگیرکردنیان ئاشکرا بووە، تیرۆرکردنی باڵیۆزی ئەمریکا بووە لە باشووری ئەفریقیا. بەڵام تاران وەک هەمیشە هەموو ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە، لە بڵاوکراوەیەکدا لە رێگەی باڵیۆزخانەکەیەوە لە ئەدیس ئەبابا، گوتی "ئەو تۆمەتانە هیچ بنەمایەکیان نییە، دروستکراون لەلایەن دەزگا میدیاییە دژەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، بەتایبەت ئیسرائیل. نە ئەسیوپیا و نە ئیمارات، باسیان لەوە نەکردووە ئێران لەو بابەتەوە گلابێت".
 
لەسەرەتاکانی ساڵی 2018دا، دەزگای ئاسایشی گشتیی ئیسرائیل 'شاباک'، لە بڵاوکراوەیەکدا گوتی سێ فەلەستینی لە کەرتی رۆژئاوا، رووبەڕووی تۆمەتی سیخوڕی و تیرۆر بوونەتەوە، دوای ئەوەی دانیانبەوەداناوە سەرقاڵی ئامادەکاری بوون بۆ ئەنجامدانی چەند کردەیەک کە ئێران بۆی دەستنیشانکردوون، لەنێویاندا ئامادەسازی بۆ ئەنجامدانی تەقینەوەی خۆکوژی و هێنانی ئەنجامدەرانی ئەو تەقینەوانە و پێدانی سیمکارتی ئیسرائیلی پێیان، بۆ سەرلێشێواندنی دەزگاکانی لێکۆڵینەوە.
 
بڵاوکراوەی دەزگا ئیسرائیلییەکە زیاتر گوتوویەتی، "شانەکە لەلایەن فەلەستینییەکەوە سەرپەرشتی و رێکخراوە کە بۆ دەزگای هەواڵگریی ئێران کاردەکات و نیشتەجێی باشووری ئەفریقیایە و ناوی بەکر محارمەیە". 
 
شاباک روونینەکردووەتەوە ئاخۆ دەزگای هەواڵگریی ئەفریقیای باشوور، ئاگاداری چالاکییەکانی ئێران بوون لەسەر خاکەکەیان یان نا، ئاماژەی بەوەداوە، کە باشووری ئەفریقیا، (پەیوەندی باشی لەگەڵ ئیسرائیلدا نییە)، هەر بۆیە بە خاکێکی بەپیت دادەنرێت بۆ کارکردنی دەزگای هەواڵگریی ئێران.
 
بایەخدانی ئێران بە کیشوەری ئەفریقیا
 
یەکەم وێستگەی بایەخدانی ئێرانییەکان بەئەفریقیا بۆ نەوەتەکانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە، بەدیاریکراوی لەماوەی سەرۆکایەتی هاشمی رەفسەنجانیدا، کە لەو ماوەیەدا و بە دیاریکراوی ساڵی 1991 سەردانی سوودانی کرد، پاش ئەوەی عومەر حەسەن بەشیر، لە دوای کۆدێتا بەسەر حکومەتی سادق مەهدیدا، گەیشتە دەسەڵات.
لەوکاتەوە ئێران پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ سوودان لە هەموو ئاستەکاندا گەشەپێدا، وەک ئەنجامی نزیکبوونەوەی لە حەسەن تورابی، (سەرۆکی مێژوویی بزووتنەوەی ئیسلامیی سوودان). 
 
دوای ئەوە سەردانی ئێرانییەکان بۆ کیشوەری ئەفریقیا زیادیکرد و لەسەردەمی هەریەکە لە محەمەد خاتەمی و ئەحمەدی نەژاددا درێژەی کێشا. ئەو بەردەوامبوونە سەریکێشا بۆ دروستکردنی پەیوەندی لە بوارەکانی ئابووری و سیاسی لەگەڵ وڵاتانی ئەفریقی وەک ئەفریقیای باشوور، کینیا، تەنزانیا، زیمبابۆی، ئۆگەندا، نایجیریا، نەیجەر، کامیرۆن، سەنیگال، جوزوور قەمەر، سۆماڵ، جیبۆتی و گانا.
 
ئەو بایەخ پێدانە لە دوای گەیشتنی حەسەن رووحانی بۆ سەر دەسەڵات بەردەوامبوو، ئەوکات محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، چەندین سەردانی فەرمی بۆ دەوڵەتانی ئەفریقی کرد. کۆی ئەو سەردانانە دەریخست کە ئێرانییەکان ویستیان هەیە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دەوڵەتانی دیکەی ئەفریقیدا.
 
لە شوباتی ساڵی 2010دا، رۆژنامەی 'ئیکۆنۆمیست'ی بەریتانی، لە راپۆرتێکدا، ئاوڕی لە مشتومڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران دایەوە، هەڵوەستەی لەسەر تووندبوونی رکابەریی هەژموونی نێوان هەردوو وڵاتکرد لە کیشوەری ئەفریقیا. 
 
رۆژنامەکە دەڵێ، "لەگەڵ گەیشتنت بە دەکاری پایتەختی سەنیگال، جۆرێکی نوێی ئۆتۆمبێلی تاکسی سەرنجت رادەکێشێت، کە بەژمارەی زۆرەوە لەسەر شەقامەکانی ئەو وڵاتەدا دەردەکەون، ئەو تاکسییانە دروستکراوی ئێرانن، پارچەکانی لە ئێرانەوە دەهێنرێن و لە کارگەیەکی کۆمپانیا 'خوردوو'ی ئێرانیدا، لە داکار لێکدەبەسترێن، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ گەورەبوونی هەژموونی ئێران لە دەوڵەتانی باشووری بیابانی ئەفریقیا".
 
رۆژنامەکە هەروەها نووسیویەتی: "قورس نییە لە پاڵنەرەکانی پشت ئەو کارەی ئێران تێبگەین، چونکە ئێران هەوڵدەدات کۆدەنگیی پشتگیری بۆ پڕۆگرامە ئەتۆمییەکانی لە ناوەندە حکومییەکانی ئەو وڵاتانەدا کۆبکاتەوە، کە هێشتا راکێشانیان بەلای خۆیدا ئاسانە، لەوانەش ڤێنزوێلا، بۆلیڤیا و نیکاراگوا، هەرچی ئەفریقیایە، کە زۆرینەی وڵاتەکان پەیوەندییەکی بەهێزیان لەگەڵ رۆژئاوادا هەیە، ئێران چاوی خستووەتە سەر پەیوەندی نێوان موسڵمانەکانی کیشوەرەکە، هاوکارییان دەکات بە نەوت و گەیاندنی کۆمەکی جیاواز".
 
راپۆرتەکەی 'ئیکۆنۆمیست'، سەنیگال وەک نموونە وەردەگرێت، دەڵێ هەرچەندە دەوڵەتێکی هەژار و بچووکە و ژمارەی دانیشتووانەکەی کەمە، کە 95٪یان موسڵمانن، بەڵام هەژموونێکی دیپلۆماسیی بەهێزی هەیە لە نێو کۆمەڵەی دەوڵەتانی فرانکۆفۆنی لە ئەفریقیا و نەتەوە یەکگرتووەکان. هەر لەبەرئەوە ئێران پەلەپەل دەکات لە پێشاندانی نیازپاکی بەرامبەر حکومەت و گەلی ئەو وڵاتە، چونکە جیا لە کردنەوەی کارگەی 'خودروو' بۆ دروستکردنی ئۆتۆمبێل، ئێران بەڵێنیداوە کارگەی دروستکردنی تراکتۆریش بکاتەوە، ئەمە جیا لە دروستکردنی پاڵاوگەی پیترۆڵ و کارگەی پترۆکیمیایی، هەروەها پێدانی نەوت بە نرخێکی هەرزانتر لە نرخی بازاڕ.
 
هەرچی رۆژهەڵاتی ئەفریقیایە، لەوێ ئێران دەستی یارمەتی بۆ سوودان درێژکردووە، هەردوولا لە ساڵی 2008دا رێککەوتنێکیان واژۆکرد. ئەمە جیا لەوەی کە ئێران کار بۆ ختووکەدانی سۆزی هەندێک وڵاتی دیکەی ناوچەکە دەکات، کە ئەگەری هاوپەیمانیکردنیان لەگەڵ ئێراندا کەمە، لەوانەش کینیا کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی مەسیحین.
 
ئەحمەدی نەژاد کاتێک سەرۆکی ئێران بوو، سەردانی ئەو وڵاتەی کرد و رێککەوتنێکی لەگەڵداکردن، کە ساڵانە بڕی چوار ملیۆن بەرمیل نەوتی خاویان پێبفرۆشێت، هەروەها گەشتی راستەوخۆی فڕۆکە لە نێوان تاران و نایرۆبیدا بکاتەوە، ئەمە جیا لەوەی ئێران لەپاڵ بوونی باڵیۆزخانەکەیدا لەو وڵاتە، بنکەی رۆشنبیری و کولتووری کردووەتەوە.
 
وڵاتێکی دیکەی جێی سەرنجی ئێران لە ئەفریقیا، ئۆگەندایە، ئەو وڵاتەی لە چەند ساڵی رابردوودا نەوتی تێدا دۆزرایەوە، ئەوکات یۆری موسیفینی، سەرۆکی ئۆگەندا لە میانی سەردانیدا بۆ تاران (یوسیفینی چوار جار سەردانی تارانی کردووە)، ئاشکرایکرد بیر لەوە دەکاتەوە داوا لە ئێران بکات، پاڵاوگەیەکی نەوت لە وڵاتەکەیدا دابمەزرێنێت و هێڵی نەوتیش رابکێشێت.
 
جیا لەوە، رەوەندی لوبنانیی دەوڵەمەند و خاوەن پێگە، لەو یارییانەی ئێراندا رۆڵی کارایان هەیە و لە رێگەی نیشتەجێبوونی ئەندامەکانی لە وڵاتانی وەک کۆنگۆ، گینیا و سەنیگال، کە پارە لە ئەندامانی شیعەی کۆمەڵگاکان کۆدەکەنەوە، بۆ هاوکاریکردنی زیاتر فراوانبوونی هەژموونی ئێران لەوێ، کاری بەرچاو دەکەن.
 
حیزبوڵڵای لوبنانی لە ئەفریقیا
 
لە ئایاری ئەمساڵدا، پەیمانگای 'هدسۆن بۆ توێژینەوە' ئاشکرایکرد، رژێمی ئێران کار و چالاکییەکانی لە ئەفریقیا چڕکردووەتەوە و لە رێگەی راپۆرتەکەیەوە هۆشداریدا لەوەی، کە پێویستە چاوبخرێتە سەر ئەو راپۆرتە هەواڵییانەی باس لە ئەنجامی تەقینەوەی وەبەرهێنانەکانی ئێران لە ململانێی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی دەکات، لەگەڵ چاوپۆشین لە چالاکییەکانی ئێران لە ئەفریقیا.
لە کاتێکدا هەموو چاوەکان لەسەر ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوون، ئێران دەستەوسان نەبوو لە جێگەیەکی دیکە، هەژموونی بەردەوام بەرەو سەری ئەو، لە ئەفریقیا، لە ژێر وردبینی زۆر لە چاودێراندا بوو.
 
هەرچەندە پێناچێ ئێران بەرژەوەندیی زۆری لە ئەفریقیادا هەبێت، بەڵام وێڕای ئەوەش، جیا لە داعش و قاعیدە و گرووپە تیرۆریستییە سونییەکان، ئێران بەهێزەوە هەوڵدەدات بۆ بەدەستهێنانی کاریگەریی دانان لە نێو دەوڵەتانی ئەفریقیدا. ئەم هەڵمەتەی ئێران پێکهاتووە لە چالاکییەکانی سوپای پاسداران، بەهاوبەشیی لەگەڵ هاوبەشەکانی، کە دیارترینیان حیزبوڵڵای لوبنانییە.
 
پێشتر رێبەی باڵای ئێران، عەلی خامنەیی، لە تویتەری خۆی وێنەیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا بایەخی کیشوەری ئەفریقیا بۆ ئێران دەستنیشاندەکات و ئاماژە بە بەربڵاویی شۆڕشی شیعی دەکات. لە نێو ئەو کەسایەتییە گرنگانەی پشتگیری لە شۆڕشی ئێرانی دەکەن لەو کیشوەرەدا، شیخ ئیبراهیم زکزکی، سەرۆکی 'بزووتنەوەی ئیسلامییە لە نایجیریا'. زکزکی ساڵی 2015 بەتۆمەتی پلاندانان بۆ کوشتنی سەرۆک ئەرکانی سوپای نایجیریا دەستگیرکرا. بابەتی پشتگیریکردنی زکزکی لەپێناو ئازادکردنیدا، بۆ شیعەکانی هەموو جیهان، کارێکی لەناکاو نەبوو، چونکە حیزبوڵڵای لوبنان و ئێران لە کیشوەری ئەفریقیادا کاری زۆر لەسەر ئەوە دەکەن و بەشێکە لە بایەخی ئەوان بە کیشوەرەکە.
 
ساڵی 2018 ئێران رێنوێنی دایە حیزبوڵڵا بۆ مەشقدانی نایجیرییەکان و دروستکردنی پێگە لەو وڵاتە، تاوەکو ببێتە بنکەی چالاکییەکان بۆ هەموو ئەفریقیا. 'پەیمانگای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست' ساڵی 2018 لە زاری هەندێک سەرچاوەی ناونەهێنراوی گواستەوە کە وەک خۆی دەڵێ، نزیکن لە رێکخراوە لوبنانییەکەوە، "پیاوانی باڵابەرز کە بەرگی کلاسیکیی ئەفریقییان لەبەردابووە، لە ناوچەی زاحیەی باشووری بەیرووت بینراون، ئەو ناوچەیەی زۆرینەی دانیشتووانەکەی شیعەی لایەنگرانی حیزبوڵڵان، ئەوان لەوێ لە سەنتەرەکانی رۆشنبیری ناوچەکەدا بینراون". 
 
پەیمانگاکە زیاتر دەڵێ، "ژمارەیەکی کەمی ئەوان مەشقدەکەن، بەڵام ژمارەکە بەردەوام روو لە زیادبوونە، نایجیرییەکان لەسەرەتادا مەشق لەسەر تایفیەتی ئاینی دەکەن، بەرلەوەی مەشقی سەربازی وەربگرن لە دوو سەربازگەی حیزبوڵڵا لە بیقاعی لوبنان".
 
ئێران هاوشێوەی حیزبوڵڵا، مەشقی بەسەدان نایجیری کردووە لە سەربازگە جیاوازەکانی باکووری ئەو وڵاتەدا، هەروەها ژێرخانێکی بەهێزی مزگەوت و سەنتەرەکانی رۆشنبیری و کۆمەڵە خێرخوازییەکان و دامەزراوە فێرکارییەکانی کردووەتەوە، کە کاردەکەن بۆ برەودان بە ئایدۆلۆژیای شۆشگێڕی لە ئەفریقیا. لە رێگەی سوودوەرگرتن لە ژێرخانی سیاسیی لەرزۆکی زۆرینەی وڵاتانی ئەفریقی و قۆستنەوەی هاموشۆی ئازاد لە نێوان دەوڵەتانی کیشوەرەکەدا.
 
هەریەکە لە ئێران و حیزبوڵڵا توانیویانە تۆڕی تاوانکاری دیکە بۆ بەقاچاخبردنی چەک و بەئەندامکردنی کەسانی نێوخۆیی لەو ناوچانە بقۆزنەوە. هەروەها ئێران توانیویەتی دزە بکاتە نێو چەندین کۆمپانیا و دەستیان بەسەردا بگرێت، پێشەنگایەتی چەندین کاری بازرگانی لە ئەفریقیا بەدەست بهێنێت. هەروەها تێوەگلاوە لە کارەکانی وەک بەقاچاخبردنی ئەڵماس.
 
نموونەی ئەو کارانە لە هەبوون و کارکردنی ماڵباتەکانی وەک ئەحمەد، نەسوور و خەنفەردا بەرجەستە دەبن، کە لەسەرئاستی نێودەوڵەتی بە قاچاخچی ئەڵماس ناسراون، هەروەها کۆمپانیاکانی گواستنەوە کە کەسایەتییە لوبنانییە دیارەکان خاوەنداریەتی دەکەن، لە شێوەی قاسم تاجەدین، بزنسمانی لوبنانی کە لەلایەن ئەمریکاوە وەک پارەدارکەری حیزبوڵڵا ناسراوە. تاجەدین لە ئاداری 2017دا بەتۆمەتی تیرۆر و چالاکی دیکەی نایاسایی لەسەر خاکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستگیرکرا، تۆمەتی پشتگیریکردنی تیرۆر و چالاکییە داراییەکانی پشتگیریکردنی لە حیزبوڵڵا درایە پاڵ.
 
لەهەمان چوارچێوەدا، فەیلەقی قودس، لە رێگەی یەکەی 400ەوە، چەندین گرووپی جوداخوازی ئەفریقی پارەدار دەکات و مەشقدەدات، لە شێوەی بەرەی پۆلیساریۆ لە بیابانی رۆژئاوا، ئەمە جیا لە دابینکردنی مەشق بۆ رێکخراوە شیعییەکان، لە نێویاندا 'بزووتنەوەی ئیسلامیی نایجیریا'. ناسر بوریتە، وەزیری دەرەوە و هاریکاریی مەغریب، لە وەڵامی ئەو دەنگۆیانەدا کە باس لە هاوکاریکردنی ئێران بۆ بەرەی پۆلیساریۆ دەکەن، ئاماژەی بەوەداوە "پڕۆژەیەکی تایفی فراوانخوازانە هەیە، بەئامانجی دزەکردنە نێو دەوڵەتانی عەرەبی لە رۆژهەڵات و رۆژئاوا، لە رێگەی کەرەستەیەکی قێزەونەوە کە حیزبوڵڵایە".
 
یەکەی 400 چەندین چالاکی جیاواز لە ئەفریقیا هەیە، لەنێویاندا کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری، پارەدارکردنی چالاکییە تیرۆریستییەکان. روونیش بووەتەوە کە ئەو یەکەیە رۆڵی هەبووە لە مەشقدانی ئەندامانی شانەی 'سەرایا زەهرا' لە کۆماری ئەفریقیای ناوەڕاست، کە ئیسماعیل ناوێکی خەڵکی ئەو وڵاتە بەباشی سەرپەرشتی کارەکانی دەکرد، تائەوکاتەی لە ئەپریلی 2019دا دەستگیرکرا. ئەو یەکەیە ئێستا لە نێوان 200 تاوەکو 300 ئەندامی هەیە، هاوئاهەنگە لەگەڵ شانەی دیکەدا لە چاد و سوودان، بەئامانجی پێکهێنانی شانەی دیکە لە کامیرۆن، غانا، کۆنگۆ و نەیجەر.
 
ساڵی 2013 تۆڕێکی نێوخۆیی لە نایجیریا دەستگیرکران، کە مستەفا فەواز سەرپەرشتیدەکردن، ئەو ئەندامی رێکخراوێکی سەر بە حیزبوڵڵایە، دانیبەوەداناوە کە ئەندامی حیزبوڵڵایە، ناوی چەند ئەندامێکی دیکەی تۆڕەکەی ئاشکراکردووە.
 
راپۆرتێکی 'پەیمانگای واشنتن بۆ توێژینەوەکانی رۆژهەڵاتی دوور' کە لە دیسێمبەری 2016دا بڵاوکراوەتەوە لە ژێر ناونیشانی "دیپلۆماتکارەکانی حیزبوڵڵا دەچنە کردەی مەیدانییەوە"، لە نووسینی ماتیۆ لیڤیت، کە بەڕێوەبەری پڕۆگرامی ستاینە بۆ قەڵاچۆکردنی تیرۆر لە پەیمانگاکە دەڵێت: "بەرپرسی یەکەی پەیوەندییەکانی دەرەوە کە ناوی عەلی ئەحمەد شەحادەیە، گەشتکردنی ئەندامانی حیزبوڵڵا بۆ سەنیگال و کۆتدیڤوار رێکدەخات، لە ئاستێکی باڵادا هاوکاری عەبدولمونعیم قوبەیسی دەکات، کە حکومەتی ئەمریکا پێیوایە نوێنەری کەسیی حەسەن نەسروڵڵایە لە رۆژئاوای ئەفریقیا".
 
لیڤیت زیاتر دەڵێت: "قوبەیسی میوانداری گەورە بەرپرسەکانی حیزبوڵڵا دەکات، کە سەردانی کۆتدیڤوار و وڵاتانی دیکەی ئەفریقیا دەکەن، لە کاتێکدا چالاکییە ئاشکراکانی بریتییە لە دەرکەوتن وەک گوتەبێژ بەناوی حیزبوڵڵاوە، لەو بۆنە گشتییانەدا کە حیزبەکە لە دەوڵەتانی ئەفریقیادا ئەنجامی دەدات، هەروەها لە بۆنەکانی کردنەوەی سەنتەرە فەرمییەکانیشدا لەهەمان کیشوەر دەردەکەوێت".
 
وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا، ئاشکرایکردووە، ئەو رێکخراوە بەکاردەهێنرێت بۆ "ئەندامگرتنی نوێ لە نێو ریزە سەربازییەکانی حیزبوڵڵا لە لوبنان". ئەم هەنگاوانە و هەنگاوی دیکەی هاوشێوە، سەرنجی بەرپرسانی لە ئەفریقیا راکێشا. باڵە هەرێمییەکانی "تیمی کاری پەیوەستدار بە رێوشوێنە داراییەکان"، ئاماژەی بە چالاکییەکانی شەحادە داوە لە نێو یەکەی "پەیوەندییە دەرەکییەکان" کە لە راپۆرتێکیدا لە ساڵی 2013 بڵاوکراوەتەوە. ئەو راپۆرتە دەڵێ، هەریەکە لە فەوزی فەواز و عەبدوڵڵا تەحینی، کارەکانی گەشتکردنی شاندەکانی حیزبوڵڵا بۆ نایجیریا رێکدەخەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە