پەرلەمانتارێکی ئێران: بڕینی کارەبا پەیوەندیی بە مازۆتەوە نییە

دوێنێ کاژێر 10:59
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی ئێران دەڵێت، بڕینی کارەبا لە هەموو پارێزگاکانی ئێران بۆ دوو کاژێر هیچ پەیوەندییەکی بە بەکارهێنانی مازۆت یان راگرتنی بەکارهێنانی ئەو سووتەمەنییە لە وێستگەکانی کارەبا نییە، پێویستە حکومەت و وەزارەتی وزە لەگەڵ خەڵک راستگۆ بن.
 
رۆژی 7ی تشرینی دووەم، بە بڕیاری مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بەکارهێنانی مازۆت لە سێ وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە شارەکانی ئەراک، کەرەج و ئیسفەهان راگیرا. بەرپرسانی حکومەتی ئێران رایانگەیاندووە، بڕیارەکە لەپێناو تەندروستیی خەڵک دراوە.
 
رۆژی یەکشەممە 10ی تشرینی دووەم حکومەت بە فەرمی رایگەیاند، بەهۆی راگرتنی بەکارهێنانی مازۆت لە سێ وێستگەی کارەبادا، کەمیی کارەبا هەیە و بە ناچار لە هەموو پارێزگاکان بۆ ماوەی دوو کاژێر کارەبای ماڵان دەبڕدرێت. بریارەکە رۆژێک دواتر بە راگەیاندنی خشتەی بڕینی کارەبا لە سەرانسەری ئەو وڵاتە جێبەجێ کرا.
 
بڕیارەکەی حکومەت رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە. عەلی خزریان، پەرلەمانتاری ئێران دەڵێت، بڕینی کارەبا لە هەموو پارێزگاکانی ئێران بۆ دوو کاژێر هیچ پەیوەندییەکی بە بەکارهێنانی مازۆت یان راگرتنی بەکارهێنانی ئەو سووتەمەنییە لە وێستگەکانی کارەبادا نییە.
 
خزریان سوپاسی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران دەکات کە بڕیاری راگرتنی بەکارهێنانی مازۆتی لە سێ وێستگەی کارەبای دەرکردووە، بەڵام گومان دەخاتە سەر بڕیارەکەی حکومەت بۆ بڕینی کارەبای ماڵان.
 
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، بڕینی کارەبای ماڵان نەوەک بەهۆی راگرتنی بەکارهێنانی مازۆت لە سێ وێستگەی کارەباوە نەبووە، بەڵکو بەهۆی دابین نەکردنی گاز و گازوایلی پێویست بۆ وێستگەکان و بەتاڵبوونی 60%ی کۆگای سووتەمەنیی وێستگەکان بووە.
 
خزریان حکومەت و وەزارەتی وزە لە بەرامبەر ئەو دۆخە بەر بەرپرسیار دەزانێت و داوا لە مەسعود پزیشکیان دەکات بەدواداچوون بۆ بابەتەکە بکات.
 
ئەو پەرلەمانتارە داوا لە حکومەت دەکات، لەگەڵ خەڵک راستگۆ بێت و بڵێت، لەگەڵ ئەوەی بۆ راگرتنی بەکارهێنانی مازۆت بڕیاری باش دراوە، بەڵام بڕینی کارەبا پەیوەندی بە مازۆتەوە نییە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە