قوربانییانی لافاوەکەی مەشهەد زیادی کرد؛ حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە

16-05-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی لافاوەکەی شاری مەشهەدی ئێران بۆ حەوت کەس بەرزبووەوە و سێ کەسیش بێسەروشوێنن. وەزیری ناوخۆی ئێران ئەو ناوچانەی بەهۆی لافاوەکەوە زیانیان بەرکەوتبوو بەسەر کردەوە.

رۆژی پێنجشەممە، 16ی ئایاری 2024، رەزا عەباسی، سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی قەیرانەکانی پارێزگای خوراسانی رەزەوی رایگەیاند، بەهۆی لافاوەوە 7 کەس لە شارەکانی مەشهەد و فەریمان گیانیان لەدەستداوە و سێ کەسی دیکەش بێسەروشوێنن.
 
رەزا عەباسی گوتی، بەهۆی بارانبارینی زۆر، لە زۆربەی شەقام و کۆلانەکانی شاری مەشهەد ئاو پەنگی خواردووەتەوە و بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکەش تیمەکانی بەرگریی شارستانی، شارەوانی، مانگی سوور و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە لە هەوڵەکانیان بەردەوامن.
 
بە گوتەی سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی قەیرانەکانی پارێزگای خوراسانی رەزەوی، هەموو ناوچە گەشتیارییەکان، سەیرانگە و هاوینەهەوار و شوێنی بۆنە تایبەتەکان لەو پارێزگایە تاوەکو کۆتایی شەپۆڵی بارانبارین دادەخرێن.
 
موحسین داوەری، قایمقامی مەشهەد رایگەیاند، هاوکاری 250 خێزانیان کردووە کە بەهۆی لافاوەوە ماڵەکانیان زیانیان بەرکەوتووە.
 
موحسین داوەری گوتی، 150 خێزان لە گەڕەک و ناوچە جیاوازەکانی شاری مەشهەد، هەروەها 100 خێزانی خەڵکی گوندی سوڵتان ئاوای ناحیەی ئەحمەدئاوا بۆ شوێنی پارێزراو گوێزراونەتەوە.
 
بە گوتەی داوەری، لە نێو شاری مەشهەد ئاو چووەتە نێو 150 ماڵی هاووڵاتییان و تیمەکانی شارەوانی و مانگی سوور خەریکی دەرهێنانی ئاوەکە و پاککردنەوەی ماڵەکانن لە قوڕ و لیتە.
 
محەممەد قەلەندەر، سەرۆکی شارەوانیی مەشهەدیش دەڵێت، لە چەندین شەقام و گۆڕەپانی ئەو شارە ئاو پەنگی خواردووەتەوە، بە تایبەت لە گۆڕەپانی ئینقلاب (شۆڕش) و شەقامەکانی نزیک لەو گۆڕەپانە ئاو چووەتە نێو 40 ماڵ.
 
محەممەد قەلەندەر گوتی، لەلایەن تیمەکانیانەوە دانیشتووانی ئەو ماڵانە بۆ شوێنی دیکەی پارێزراو گوێزراونەتەوە، هەروەها کەمپێک بە ناوی "کەمپی غەدیر" بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکە ئامادە کراوە.
 
بە گوتەی محەممەد قەلەندەر، رۆژی چوارشەممە لە کەمتر لە 40 خوولەکدا نزیکەی 38.5 ملیمەتر باران لە شاری مەشهەد باریوە.
 
حەمیدڕەزا کافی نیا، بەڕێوەبەری رێکخراوی ئاگرکوژێنەوەی شارەوانیی مەشهەد رایگەیاند، تائێستا حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە، دوو کەس لە نێو ئۆتۆمبێلێکدا و دایکێک و چوار لە منداڵەکانی لە نێو ماڵێکدا لە گەڕەکی سەیدی شارەکە.
 
لە لایەکی دیکەوە، ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران، بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ دۆخی ناوچەکانی زیانلێکەوتووی لافاوەکە، رۆژی پێنجشەممە بە سەردانێک گەیشتە مەشهەد.
 
رۆژی چوارشەممە، 15ی ئایاری 2024، کاژێر 14:30ـی دوانیوەڕۆ شەپۆلێکی بارینی تەرزە و بارانی بەلێزمە لە شاری مەشهەد لە باکووری رۆژهەڵاتی ئێران دەستیپێکرد و لە ماوەیەکی کەمدا، بووە هۆی دروستبوونی لافاو.
 
پێشتر کەشناسیی خوراسانی رەزەوی هۆشداری لە کەشوهەوای پارێزگاکە دابوو. پێشبینی دەکرێت ئەم شەپۆلەی بارانبارین تاوەکو شەوی یەکشەممەی داهاتوو بەردەوام بێت. 
 
خوراسانی رەزەوی لە باکووری رۆژهەڵاتی ئێران هەڵکەوتووە و زیاتر لە شەش ملیۆن و 500 هەزار دانیشتووی هەیە و شاری مەشهەد ناوەندی پارێزگاکەیە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە