رووداو دیجیتاڵ
جێگری پارێزگاری ئیلام دەڵێت، سەرۆککۆماری ئێران لە سەرەتای نەورۆزدا سەردانی پارێزگاکە دەکات و چەند پڕۆژەیەکی گرنگ بەسەر دەکاتەوە.
رۆژی شەممە (15-02-2025) رەزا دارابی، جێگری پارێزگاری ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پلاندانان و پەرەپێدانی پارێزگاکە رایگەیاند، دوای نەورۆز، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران دێتە ئیلام.
رەزا دارابی گوتی، لە سەردانەکەیدا، سەرۆککۆماری ئێران ژمارەیەک پرۆژەی گرنگ بەسەردەکاتەوە و ژمارەیەک پڕۆژەش پارەدار دەکرێن، بۆ ئەوەی ساڵی 1405ـی هەتاوی (2026) بخرێنە خزمەت خەڵکەوە.
جێگری پارێزگاری ئیلام پڕۆژەی رێگەی ئاسنین، بەنداوە گەورەکانی پارێزگاکە و رێگەوبانی دەروازەی سنووریی میهران، بۆ بەسەرکردنەوەی پزیشکیان و پارەدارکردنیان بە ''لەپێشینە'' دەزانێت.
ئیلام دوای خوزستان، لەنێو پارێزگەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان زۆرترین سنووری هاوبەشی لەگەڵ عێراق دا هەیە و، دەروازەوی سنووریی میهران لەو پارێزگایە هەڵکەوتووە.
نزیکەی 11٪ـی سەرچاوە نەوتی و گازییەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانیش هەر لە پارێزگای ئیلام هەڵکەوتوون، ئەوە لەکاتێکدایە بەگوێرەی ئاماری فەرمیی گەشەپێدانی مرۆیی ئێران، 19.1٪ـی دانیشتووانی پارێزگاکە لەژێر هێڵی هەژاریدان.
لەدوای دەستبەکاربوونی لە 28ـی تەمموزی 2024، ئەوە یەکەم سەردانی مەسعود پزیشکیان دەبێت بۆ ئیلام.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ