رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، کاری هەرە لە پێشینەیان ئەوەیە کە رێگە نەدەن ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەستبێنێت.
ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وەڵامی چەند پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداوی لەبارەی یۆرانیۆمی چەکی ئەتۆمیی ئێران دایەوە و گوتی، "هێشتاش بڕوامان وایە کە دیپلۆماسی باشترین رێگەیە بۆ ئەو کارە، لە سەرەتای ئەم ئیدارەیەوە بڕوای ئێمە بەم شێوەیە بووە."
پرسیار و وەڵامی دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن لەگەڵ ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا
رووداو: ئێوە دەڵێن دەتانەوێت بە دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران مامەڵە بکەن، بەڵام پشکنەرەکانی ئاژانسی چاودێریکردنی وزەی ئەتۆمیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان پاشماوەی یۆرانیۆمیان دۆزیوەتەوە کە پوختییەکەی لەلایەن ئێرانەوە گەیێنراوەتە 83.7٪، کە تەنیا 6 پلە لە خوار ئاستی یۆرانیۆمی چەکی ئەتۆمییە، ئەگەر ئێران هەنگاوی زیاتر بنێت، چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن و چۆن رێگری لە گەیشتنی بە یۆرانیۆمی 90٪ پیتێنراو دەکەن؟
ماتیو میلەر: هێشتاش کاری هەرە لە پێشینەی ئێمەیە کە رێگە نەدەین ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەستبێنێت. هێشتاش بڕوامان وایە کە دیپلۆماسی باشترین رێگەیە بۆ ئەو کارە، لە سەرەتای ئەم ئیدارەیەوە بڕوای ئێمە بەم شێوەیە بووە. ئەگەر لە بیرتانبێت ئێمە لە چ قۆناخێکدا بووین کاتێک کە ئەم ئیدارەیە دەستبەکاربوو، یانیش ئەگەر بڕۆینە دواوە و سەیرکەین کە ئێمە لە ئیدارەی پێشوودا لەکوێ بووین، ئەو کاتەی کە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران لە سندووقێکدا بوو، بەداخەوە ئیدارەی پێشوو لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە و وایکرد ئێران بەردەوام بەرەو چەکی ئەتۆمی بڕوات. ئێمە هەوڵمانداوە بە دیپلۆماسی مامەڵەی لەگەڵدا بکەین بۆ ئەوەی رێگری لە هەوڵەکانیان بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بکەین. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا روونمان کردووەتەوە کە هەموو بژاردەیەک لەسەر مێزە.
رووداو: بەڵام ئێران لە 90٪ـەکە نزیکتر دەبێتەوە، ئەگەر دیپلۆماسی سەرکەوتوو نەبوو، چۆن رێگری لێ دەکەن؟
ماتیو میلەر: من هیچ لێدوانی دیکە نادەم جگە لەوەی کە بڕوامان وایە دیپلۆماسی بژاردەی یەکەممانە، بەڵام وەکو گوتم، بژاردەی دیکەشمان هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ