لە مەشهەد پێنج کەس بەهۆی لافاو گیانیان لەدەستدا، 12ـی دیکەش بێسەروشوێنن

15-05-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە شاری مەشهەدی پارێزگای خوراسانی رەزەویی ئێران بەهۆی لافاوەوە، پێنج کەس گیانیان لەدەستدا و 12ـی دیکە بێسەروشوێنن. ئاو چووەتە نێو ژمارەیەک ماڵ و دووکان و زیانێکی زۆری لێکەوتووەتەوە.
 
محەممەد زاکریان، بەڕێوەبەری گشتیی مانگی سووری مەشهەد رایگەیاند، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 15-05-2024) بارانی بەخوڕ لە شارەکە، بووە هۆی دروستبوونی لافاو و پەنگخواردنەوەی ئاو لە شەقام و شۆستەکاندا کە زیانی گیانی و مادی لێکەوتەوە.
 
بەگوتەی محەممەد زاکریان، لافاوەکە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم پێنج کەس و بێسەروشوێنبوونی 12ـی دیکە. 
 
بەگوێرەی ئەو ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە، ئاو چەندین ئۆتۆمبێل لەگەڵ خۆیدا دەبات.
 
شەپۆلی بارانەکە کاژێر 14:30ـی دوانیوەڕۆ دەستیپێکردووە و لە ماوەیەکی کەمدا، بووەتە هۆی دروستبوونی لافاو. رەزا عەباسی، سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی قەیرانەکانی مەشهەد دەڵێت، ''لە ماوەیەکی کەمدا زیاتر لە 38 مللیمەتر باران باریوە.''
 
موحسین داوەری، قایمقامی مەشهەد هۆشداری دەداتە دانیشتووانی شارەکە، ''بەهیچ شێوەیەک'' لە ماڵ نەیەنە دەرەوە، بۆ ئەوەی بتوانن کۆنترۆڵی دۆخەکە بکەن، گوتیشی، ''ئێستا شەقام و شۆستەکانی نێو شار بۆ هاتووچۆ شیاو نین.''
 
بەگوتەی موحسین داوەری لافاوەکە زیانێکی زۆری بە بەروبوومی کشتووکاڵی گەیاندووە و کارەبا و ئاوی ژمارەیەک لە گوندەکانیش بڕاوە.
 
تاوەکو ئێستا تەرمی چوار هاووڵاتی دۆزراوەنەتەوە، کە دووانیان تەمەنیان 50 ساڵە و لەنێو ئۆتۆمبێلێکدا بوون. وەحید باخودا، بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەکانی بەرگریی شارستانیی مەشهەد دەڵێت، گەڕان بەدوای بیشەروشێنبوواندا بەردەوامە.
 
پێشتر کەشناسیی خوڕاسانی رەزەوی هۆشداری بۆ کەشوهەوای ئەمڕۆی پارێزگاکە راگەیاندبوو، پێشبینی دەکرێت ئەم شەپۆلەی بارانبارین تاوەکو شەوی یەکشەممەی داهاتوو بەردەوام بێت. 
 
خوڕاسانی رەزەوی لە باکووری رۆژهەڵاتی ئێران هەڵکەوتووە و زیاتر لە شەش ملیۆن و 500 هەزار دانیشتووی هەیە و شاری مەشهەد ناوەندی پارێزگاکەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە