رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رێکخراوی بەسیجی ئێران رایگەیاند، لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی رابردووی ئێراندا 8 بەرپرس و ئەندامی هێزەکانی گرووپە جیهادییەکانی سەر بە بەسیج کوژراون.
رۆژی دووشەممە 15-05-2023، محەممەد زەهرایی، سەرۆکی رێکخراوی بەسیج لە شاری خوڕماوە لە پارێزگای لوڕستان لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژەی بۆ ناڕەزایەتییەکانی ساڵی رابردوو کرد و گوتی: "ئاژاوەکان نیشانیدا دەبێت هۆشیارتر بین.. خەمساردی دەبێتە هۆی زیاتر پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان."
"گرووپە جیهادییەکان" سەر بە رێکخراوی بەسیجن، بەسیج خۆیشی لقێکی سوپای پاسدارانە. "گرووپە جیهادییەکان" زیاتر بە جلوبەرگی مەدەنییەوە چالاکی دەکەن و ئەوە یەکەمجارە بەرپرسێکی پلە بەرزی سەربازیی ئاماژە بۆ رۆڵی ئەوان لە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکاندا دەکات.
ئەوان خۆیان بەوجۆرە پێناسە دەکەن کە "بەشێوەی دڵخوازانە و لەسەر بنەمای هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی و خەمساردنەبوون بەرامبەر خەڵک" چالاکی دەکەن.
رۆژی 23-11-2022، کۆمەڵەی چالاکڤانانی مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، لە ناڕەزایەتییەکاندا لانیکەم 56 کەس لە هێزە سەربازیی و ئەمنییەکان کوژراون.
ناڕەزایەتییەکان رۆژی 17-09-2022، دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، لە گرتووخانەی پۆلیسی رەوشتی تاراندا دەستیپێکرد و بەشێکی زۆری شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووە و بەپێی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، نزیکەی 520 کەس کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ