رووداو دیجیتاڵ
دوای تێپەڕبوونی 56 رۆژ بەسەر دەستپێکی بەهار، بەفر لە چەند شوێنێکی پارێزگای تەورێزی ئێران باری.
بەپێی ئەو دیمەنانەی لە میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاوبوونەتەوە، شەوی رابردوو (یەکشەممە، 14-5-2023) لە شارەکانی سەراو، مشکین شار و وەرزەقان لە پارێزگای تەورێز، بەفر باریوە، ئەمەش بووەتە هۆی داخستنی رێگەوبانی هەندێک لەو ناوچانە.
راگەیاندنەکانی ئێران باس لە هەرەسی بەفر لەسەر رێگەی گوندی قەرەقیەی سەر بە شاری سەراو دەکەن و دەڵێن، بووەتە هۆی گیرخواردنی 19 هاووڵاتی و، تیمەکانی فریاکەوتنی مانگی سووری پارێزگای ورمێ، دوای چەند کاژێرێک هەر 19 کەسەکەیان رزگار کردووە و رەوانەی نەخۆشخانەی سەراو کراون.
بەگوتەی بەرپرسانی رێکخراوی مانگی سووری تەورێز، هەر 19 کەسەکە لە هەرەسەکەدا بریندار بوون، بەڵام دۆخی تەندروستییان جێگیرە و لەژێر چاودێریی پزیشکیدان.
ئەمساڵ لە چەند پارێزگایەکی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، سەرماوسۆڵە تاوەکو زیاتر لە یەک مانگ بەسەر تێپەڕینی بەهار بەردەوام بوو و لە هەندێک لە پارێزگاکاندا زیانی زۆری بە کەرتی کشتوکاڵ گەیاند، لەوانە پارێزگای ورمێ کە بەگوتەی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگاکە، بڕی 753 ملیار تمەن زیانی بە 21 هەزار هێکتار باخ و زەویی کشتوکاڵی ئەو پارێزگایە گەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ