رووداو - هەولێر
داواکاری گشتی ئیسفەهان پایسکیلسواری ئافرەتان بە حەرام لەقەڵەمدەدات و رایدەگەیێنێت: هێزەکانی پۆلیسی راسپاردووە، بەپێی "یاسای ئیسلامی" سزای ئەو ئافرەتانە بدەن لە شوێنی گشتی پایسکیلسواری دەکەن.
عەلی ئیسفەهانی، داواکاری گشتی ئیسفەهان رایگەیاند "بە هێزەکانیی پۆلیس راگەیێندراوە ئەگەر پایسکیلسوارانی ئافرەتیان لە بازاڕەکان بینی، سەرەتا بەڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ بکەن و داوای ناسنامەیان لێبکەن، بەڵام ئەگەر بۆ جاری دووەم و سێیەم دووبارە بوویەوە ئەوا بە پێی "یاسای ئیسلامی" سزایان بدەن".
ئەو بڕیارە لەکاتێکدایە کە شارەوانی ئیسفەهان پێشتر پڕۆژەیەکی بۆ پایسکیلسواری ئافرەتان دانابوو و لە پلانیدا بوو پایسکیلسواری ئافرەتان زیندوو بکاتەوە.
هاوکات لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش هەوڵدراوە کە رێگری لە پایسکیلسواری ئافرەتان بگرێت، بەڵام هەوڵەکانی سەری نەگرتووە.
شارەزایانیش یەکسانی نێوان ئافرەتان و پیاوان بە هۆکاری پەرەپێدانی بەردەوامی وڵات دەزانن، بۆیە ئەو بڕیارەی داواکاری گشتی ئیسفەهان جیاوازی دانانە و ئەوەش وەرگرتنەوەی دەرفەتێکی پێشکەوتنە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ