سوپاسالاری ئێران: ئامانجەکانمان پێکان و هێرشی دیکە ناکەین

14-04-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سوپاسالاری ئێران دەڵێت، سەرجەم ئامانجەکانی خۆیان لە هێرشەکەیان بۆسەر خاکی ئیسرائیل پێکاوە و لەوە زیاتر درێژەی پێ نادەن، بەڵام دەڵێت، ئەگەر ئیسرائیل وەڵامی هێرشەکە بداتەوە، ئۆپەراسیۆنێکی بەربڵاوتر دەکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە 14-04-2024 محەممەد باقری، سوپاسالاری ئێران لەبارەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکەی شەوی رابردوویان بۆ سەر ئیسرائیل رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی (وعد صادق) بە سەرکەوتوویی هەموو ئامانجەکانی خۆی پێکا.

محەممەد باقری هۆکاری هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بە "بەزاندنی هێڵی سوور لەلایەن رژێمی زایۆنی"یەوە ناوبرد و گوتی، "لە ئۆپەراسیۆنەکەدا ناوەندێکی گەورە کرایە ئامانج، کە زانیاریی بۆ هێرشی زایۆنییەکان کۆدەکردەوە. هەروەها بنکەی ئاسمانیی (نەواتیم)یش کە هێرشی کردبووە سەر کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق، کرایە ئامانج و هەردوو بنکەکە لەکارکەوتن."

سوپاسالاری جەختی لەوە کردەوە، ئەوان ئامانجی خۆیان لە هێرشەکەدا پێکاوە و هێرشی دیکە ناکەن، "بەڵام ئەگەر رژێمی زایۆنی بیەوێت وەڵامی هێرشەکەمان بداتەوە، ئۆپەراسیۆنێکی بەربڵاوتر دەستپێدەکەن."

محەممەد باقری ئەوەشی خستەڕوو، "توانای سەربازیی ئێمە بە رادەیەک بوو کە بتوانین ئۆپەراسیۆنی مووشەکی و درۆنیی دەیان هێندە گەورەتر دژی رژێمی زایۆنی بکەین، بەڵام ئەم کارەمان نەکرد و هەوڵمان دا بە رادەی تەمبێکردنی [ئیسرائیل] ئۆپەراسیۆنەکە بکەین."
 
سوپاسالاری ئێران گوتیشی، "هێرش نەکرایە سەر ناوەندە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی رژێمی زایۆنی، بۆ ئەوەی سوپای تاوانبار و ستەمکاری زایۆنی بزانێت، هەر کردەوەیەکیان بێ وەڵام نامێنێتەوە و ئێمە بەرگری لە خاک و بەرژەوەندیی خۆمان دەکەین."
 
بە گوتەی محەممەد باقری، سوپای وڵاتەکەی بۆ هەر بەرەنگاربوونەوەیەک لەگەڵ ئیسرائیل لە ئامادەباشیی تەواو دان و لەبارەی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیلیش گوتی: ''ئێمە لە رێگەی باڵیۆزخانەی سویسڕا پەیامێکمان ئاراستەی ئەمریکا کردووە کە ئەگەر بیەوێت پاڵپشتیی رژێمی زایۆنی بکات، بنکە و هێزەکانی ئەوانیش لە مەترسیدا دەبن و کاردانەوەی پێویستمان بۆی دەبێت."
 
شەوی شەممە 13-04-2024 تاوەکو بەرەبەیان، ئێران لە رێگەی نزیکەی 300 درۆن و مووشەکی کروزەوە هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، بەڵام سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشەکە زیانێکی ئەوتۆی نەبووە و 99%ی مووشەک و درۆنەکانیان خستوونەتە خوارەوە.

هێرشەکە دوای ئەوەدا هات رۆژی 01-04-2024 کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق کرایە ئامانج و حەوت کەس، کە دووانیان فەرماندە و ئەوانی دیکەش راوێژکاری سەربازیی ئێران بوون، کوژران؛ ئێران تۆمەتەکەی خستەپاڵ ئیسرائیل و هەڕەشەی وەڵامدانەوەی کرد.
 
بەشێک لە درۆن و مووشەکەکانی شەوی رابردووی ئێران بە ئاسمانی ناوچەکانی هەرێمی کوردستاندا تێپەڕبوون، کە ژمارەیەکیان لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکاوە لە سنووری سلێمانی و هەولێر خرانەخوارەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە