پزیشکیان داوا لە دانیشتووانی ئێران دەکات پلەی گەرمی ماڵەکانیان کەم بکەنەوە

13-12-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆککۆماری ئێران بۆ کۆنترۆڵکردنی پیسبوونی هەوا و دابینکردنی سووتەمەنیی پێویست بۆ هەموو ناوچەکانی ئەو وڵاتە، پەیامێک ئاراستەی خەڵکی ئەو وڵاتە دەکات و دەڵێت، بەکارهێنانی وزە کەم بکەنەوە.
 
مەسعود پزیشکیان، شەوی پێنجشەممە، 12ی کانوونی یەکەمی 2024، پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و تێیدا داوا لە هاووڵاتیانی ئێران دەکات، بەکارهێنانی گاز و کارەبا بۆ گەرمکردنەوەی ماڵەکانیان کەم بکەنەوە.
 
پزیشکیان دەڵێت، "داوا لە هەموو خەڵک دەکەین کە گەرمی ماڵەکانیان لانیکەم دوو پلە کەم بکەنەوە."
 
بە گوتەی پزیشکیان، "ئەم بابەتە دەبێتە هۆی زیادبوونی یەدەگی سووتەمەنی و بەوەش لەم کەشوهەوا ساردەدا دەتوانین سووتەمەنیی پێویست بۆ هەموو خەڵک دابین بکەین."
 
زیاتر لە هەفتەیەکە پیسبوونی هەوای 10 گەورە شاری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان و  چەندین شاری دیکەی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە و بەهۆیەوە قوتابخانەکان و ژمارەیەک لە فەرمانگەکان بۆ ماوەی چەند رۆژ داخران.
 
عەباس عەلی ئابادی، وەزیری وزەی ئێران رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، بەهۆی دابیننەکردنی سووتەمەنیی پێویست بۆ ژمارەیەک لە وێستگەکان، بەرهەمهێنانی کارەبا 5000 مێگاوات کەمدەبێتەوە. 
 
کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای ئێرانیش رایگەیاند، لە بەرهەمهێنانی کارەبادا تووشی کێشە هاتوون و بە ناچاری جارێکی دیکە بڕیار دراوە، کارەبای ماڵان و کارگەکان کەمبکرێتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە