رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی سوپای پاسداران رایدەگەیێنێت، راستییەکانی دۆخی سووریا قبووڵ دەکەن و لەسەر بنەمای راستییەکان مامەڵە لەگەڵ ئەو وڵاتەدا دەکەن. رەخنەش لە حکومەت و سوپای سووریا دەگرێت، کە ئیرادەی شەڕکردنیان نەبووە و دەڵێت، "نەدەبوو ئێمە لە بڕی سوپای سووریا شەڕ بکەین و ئەوانیش تەماشاکەر بن".
پێنجشەممە 12ی کانوونی یەکەمی 2024، حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران هەڵسەنگاندنی بۆ پێشهاتەکانی سووریا و رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدی کرد،
سەلامی رایگەیاند، "ئێمە سەیری راستییەکان دەکەین و لەسەر بنەمای راستییەکان لە سووریا مامەڵە دەکەین. بە شانازییەوە دەتوانم بڵێم، دوایین هێز کە گۆڕەپانی شەڕی سووریایان بەجێهێشت، هێزەکانی سوپای پاسداران بوون."
فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پێویستی دەزانێت ستراتیژەکان بەپێی هەلومەرجەکان بگۆڕدرێن و دەڵێت: "ئێمە ناتوانین بە وەستان و سەقامگیری لە ستراتیژیدا کێشە جیهانی و ناوچەییەکان چارەسەر بکەین."
"نەدەبوو لە بری سوپای سووریا شەڕ بکەین"
بە گوتەی جەنەراڵ سەلامی، "ژیرانە و لۆژیکی نەبوو" کە هێزەکانی ئێران لە بری سوپای سووریا شەڕ بکەن، "هەندێک کەس چاوەڕێی ئەوەیان لێدەکردین ئێمە لە بری سوپای سووریا شەڕمان کردبا. ئایا مەعقوڵە ئێمە هەموو سوپای پاسداران و هێزەکانی بەسیج سەرقاڵ بکەین بۆ شەڕکردن لە وڵاتێکی دیکە، لە کاتێکدا سوپای ئەو وڵاتە خۆی تەماشاکەرە؟"
فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران دان بەوەدا دەنێت، کە هەموو رێگەکانی گواستنەوەی هێزیان بۆ سووریا لەسەر داخرابوو. لەگەڵ ئەوەشدا هەموو هەوڵێکیان دەدا هاوکاریی سووریا بکەن.
حوسێن سەلامی ئەوەشی گوت، بەر لە چەند مانگێک زانیارییان لەسەر جموجوڵی گرووپە چەکدارەکانی دژبەری حکومەتی ئەسەد هەبووە و حکومەتی سووریایان لەوە ئاگادار کردووەتەوە، "بەڵام لەبەر ئەوەی لەنێو حکومەتی سووریادا ئیرادەی گۆڕانکاری، شەڕ و بەرگری بە مانا راستەقینەکەی نەبوو، بەداخەوە ئەم رووداوانەمان بینی."
فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران رەتیکردەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران لق و پۆپەکانی لە ناوچەکە لەدەستدابێت و رێگەی گەیاندنی یارمەتی بۆ بەرەی مقاوەمە داخرابن. سەلامی گوتی، "ئێستاش رێگەکان بۆ پشتیوانی لە بەرەی مقاومە کراوەن. بەو شێوەیە نییە کە هەموو رێگەکان تایبەت بن بە سووریا. تەنانەت لەوێشدا رەنگە وردە وردە فۆرمێکی دیکە وەربگرێتەوە."
قالیباف: رووخانی حکومەتی بەشار ئەسەد دەبێتە کێشە بۆ بەرەی مقاوەمە
محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی وڵاتەکە رایگەیاند، "ئێمە بە روونی رایدەگەیێنین کە بە متمانەی زیاترەوە بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی بەرەی مقاوەمە وەک گرنگترین و ناوەندیترین ستراتیژ بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی وڵات و یەکێک لە پێکهاتەکانی بەرهەمهێنانی هێز، هەروەها وەک ئەرکێکی نیشتمانی و ئایینی."
قالیباف نەیشاردەوە رووخانی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد دەبێتە کێشە بۆ بەرەی مقاوەمە و تا رادەیەک پەکی دەخات، بەڵام گوتیشی: "گرووپەکانی بەرەی مقاوەمە بەتایبەت حیزبوڵڵای لوبنان پێشانیان داوە نەک هەر زوو خۆیان لەگەڵ هەلومەرجە نوێیەکەدا دەگونجێنن، بەڵکو ئەوان بەهێزتر لە جاران بەردەوام دەبن لە چالاکییەکانیان."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران پێیوایە: "شەهیدبوونی" فەرماندە باڵا و ناوەندییەکانی حیزبوڵڵا قورستر بوو لە رووخانی بەشار ئەسەد، "بەڵام بینیمان بەرەی مقاوەمە بەهێزتر لە جاران دەرکەوت و نەک هەر رێگەی نەدا دەستدرێژی بکرێتە سەر یەک بست خاکی لوبنان، بەڵکو رژێمی زایۆنیشی ناچار کرد بە راگەیاندنی ئاگربەست رازی بێت."
قالیباف سەبارەت بە پێشهاتەکانی سووریاش گوتی، ئەو پێشهاتانە حەتمی بوون نەک سەرسوڕهێنەر. "ئێمە حکومەتی ئەو وڵاتەمان ئاگادار کردبووەوە و پلان و پیلانگێڕییەکانی دەستدرێژکارانمان هەڵسەنگاندبوو و ئەگەر لە کاتی خۆیدا گوێ لەم هۆشدارییانە گیرابا و مەترسیی دووژمن پشتگوێ نەخرابا، هەروەها رێگەی دیالۆگ لەگەڵ خەڵک و گەیشتن بە یەکێتی نەتەوەیی بگیرابایەبەر، ئەمڕۆ گەلی سووریا تووشی ئەو ئاژاوە و ئاڵۆزییە ناوخۆییە نەدەبوون."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران جەختی لەوە کردەوە، چۆنیەتی مامەڵە و پەیوەندیی ئێران لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی سووریا بەندە بە هەڵسوکەوتی ئەو گرووپانەوە، گوتی: "ئێمە وەک کۆماری ئیسلامیی ئێران چاوەڕێی هەڵسوکەوت و کردەوەی ئۆپۆزیسیۆنی چەکدار و پشتیوانەکانیان دەکەین سەبارەت بە هەڵسوکەوتی داعشیانە و رادەی هاوکاریی ئەو گرووپانە لەگەڵ رژێمی زایۆنی و بەگوێرەی ئەوەش بڕیاری پێویست دەدەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ