رووداو دیجیتاڵ
سێ هاونیشتمانی خەڵکی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری کەرەجی ئێران لەسێدارەدران. ئەو سێ هاونیشتمانییە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەر سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرابوو.
بەپێی زانیارییە خۆجێییەکان، ئەو سێ هاونیشتمانییە بە ناوەکانی ئەمین زاکری کاکاوەند، رەحیم ئەمیری و خەلیل حاجیاوایی، رۆژی سێشەممە 12-12-2023 لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج لەسێدارە دراون.
ئەمین زاکری کاکاوەند و رەحیم ئەمیری خەڵکی شاری هەرسین بوون و خەلیل حاجیاوایی خەڵکی کەنگەڤەری پارێزگای کرماشان بوو.
بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، ئەو سێ هاونیشتمانییە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەر دەستبەسەر کرابوون و دواتر لەلایەن دەسەڵاتی دادی ئێرانەوە سزای لەسێدارەیان بەسەردا سەپێنرابوو.
سێشەممەی هەفتەی رابردوو، 05-12-2023، دوو هاونیشتمانی خەڵکی شاری هەرسینی کرماشان بە ناوەکانی موجتەبا ئەمیری تەمەن 42 ساڵان و مەنووچێهر بەرزگەر تەمەن 40 ساڵان، بە تۆمەتی قاچاخچێتی و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر لە گرتووخانەی ناوەندی شاری کەرەجی ئێران لەسێدارەدران.
هەر هەفتەی رابردوو، لە پارێزگای سنە سێ کەس بە ناوەکانی سیروس حەیدەری، خالید رۆحی و کەمال ئیلهامی؛ هەروەها لە پارێزگای ورمێ سێ کەس بە ناوەکانی عەلی شاهین نەژاد، سۆلەت تۆسەن و جانعەلی نەدیمی لەسێدارە دران.
بەگوێرەی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، ساڵی رابردوو 582 کەس لە ئێران لەسێدارەدراون. ئەوە لە کاتێکدایە ژمارەکە لە ساڵی 2021دا 331 کەس بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ