پەرلەمانتارێکی پێشووی ئێران بۆ رووداو: کۆماری ئیسلامیی ئێران ناچارە وەڵامی هێرشەکەی ئیسرائیل بداتەوە

13-04-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پەرلەمانتارێکی پێشووی ئێران دەڵێت، ''ئیسرائیل و ئێران نایانەوێت رادەی گرژییەکان بگەنە ئاستێک کە نەتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێت، بەڵام ئێران ناچارە وەڵامی هێرشەکەش بداتەوە.'' گوتیشی، لە ئەگەری شەڕدا زۆرترین زیان بەر ئێران دەکەوێت.
 
رۆژی شەممە 13-04-2024، کەریم فەتاحپوور، چالاکڤانی سیاسی و پەرلەمانتاری پێشووی ئێران، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 11:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە دڵدار هەرکی پێشکێشی کرد، لەبارەی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، ''ئێران ناچارە وەڵامی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کۆنسوڵخانەکەی لە دیمەشق بداتەوە.''
 
کەریم فەتاحپوور گوتی، جیاوازیی ئەم جارەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەکانی ئێران ئەوە بوو کە ''پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان''، هێرشی کردە سەر کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق و بووە هۆی کوژرانی ژمارەیەک لە راوێژکارانی سەربازیی ئەو وڵاتە.
 
رۆژی 01-04-2024 کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق کرایە ئامانج و حەوت کەس کە دووانیان فەرماندە و ئەوانی دیکەش راوێژکاری سەربازیی ئێران بوون، کوژران. ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، ''لە بواری ئەخلاقی سیاسییەوە، هێرشەکەی ئیسرائیل هیچ پاساوێک هەڵناگرێت.''
 
ئێران تۆمەتەکەی خستەپاڵ ئیسرائیل، بەڵام تائێستا ئیسرائیل بەرپرسیاریێتی هێرشەکەی نەگرتووەتە ئەستۆی خۆی و رەتیشی نەکردووەتەوە.
 
رۆژی 10-04-2024، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وتاری جەژندا لە تاران رایگەیاند، "نەفرەتی خودا لەسەر رژێمی زایۆنی. ئەوان هێرشیان کردە سەر کۆنسوڵخانەی ئێمە کە وەک ئەوە وایە هێرشیان کردبێتە سەر خاکی ئێمە، لەم بابەتەدا هەڵەیان کرد. رژێمە پیسەکە دەبێت تەمبێ بکرێت و تەمبێش دەکرێت."
 
کەریم فەتاحپوور ئەوەشی خستەڕوو، ''بەداخەوە پێشتر کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش یاسا نێودەوڵەتییەکانی پێشێلکردووە و هێرشی کردووەتە سەر باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەی وڵاتان، لەوانەش باڵیۆزخانەکانی ئیسرائیل لە ئەرجەنتین و ئەمریکا لە تاران.''
 
لە 4ـی تشرینی دووەمی 1979، ژمارەیەک لایەنگری روحوڵڵا خومەینی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە تاران دەوری باڵیۆزخانەی ئەمریکایان دا و دوای بە بارمتەگرتنی 66 دیپلۆماتکار و کارمەندانی باڵیۆزخانەکە، ئاگریان لە باڵەخانەکەی بەردا و بارمتەکانیشیان زیاتر لە 14 مانگ راگرت. 
 
هەروەها لە ساڵی 1992 بۆمبێکی چێندراو لەنێو باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە بۆینس ئایرس تەقییەوە و بەوهۆیەوە 29 کەس کوژران، دوو ساڵی دواتر و لە ساڵی 1994 بارهەڵگرێکی بۆمبڕێژکراو خۆی کرد بەنێو نێوەندێکی جووەکان لە بۆینس ئایرس و بووە هۆی کوژرانی 85 کەس و 300 کەسیشی بریندار کرد کە دوای زیاتر لە سێ دەیە لە رووداوە خوێناوییەکە، رۆژی پێنجشەممە، 11ـی نیسانی 2024، دادگەی فیدراڵیی ئەرجەنتین رایگەیاند، بۆیان دەرکەوتووە هێرشەکان بە فەرمانی ئێران کراون.
 
جگە لە عەلی خامنەیی، زۆربەی بەرپرسانی ئێرانیش هەڕەشەی وەڵامدانەوەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کۆنسوڵخانەکەیان لە دیمەشق دەکەن، ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی پەرلەمانی ئێران لەبارەی ئەو پێداگرییەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بۆ وەڵامدانە دەڵێت، ''ئەگەر وەڵامیان بۆ هێرشەکە نەبێت، ئەوە بەمانای لاوازبوونی ئێرانە.''
 
کەریم فەتاحپوور گوتیشی، ''ئیسرائیل و ئێران نایانەوێت هیچ کات رادەی گرژییەکان بگەنە ئەو ئاستەی نەتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێن، دۆخی نێوخۆیی هەردوو وڵاتەکە رێگرە لەوەی گرژییەکان لە کۆنترۆڵ دەربچن، واتا هەردوو وڵاتەکە سەرقاڵی کۆنترۆڵی قەیرانەکەن.''
 
 
13 رۆژ بەسەر رووداوەکەی هێرشکردنە سەر کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق تێپەڕیوە و هێشتا نازانرێت ئەو وەڵامەی بەرپرسانی ئێرانی باسی لێوە دەکەن چی دەبێت و کەی دەدرێتەوە. بەگوتەی ئەو چالاکڤانە سیاسییە، ''ئێران لەوبارەوە بە هۆشیارییەوە هەڵسوکەوت دەکات، چونکە بە خێرایی کاردانەوەی نیشان نەداوە و دەیەوێت لێکدانەوە بۆ ئەگەری زیان و بەرژەوەندییەکانی وەڵامدانەوەکە بکات.''
 
کەریم فەتاحپوور جەختی لەوە کردەوە، ''ئەگەر شەڕێک رووبدات، هەردوو وڵاتی ئێران و ئیسرائیل لە شەڕەکەدا شکست دەهێنن، ئیسرائیل چەکی پێشکەوتووی هەیە و بەداخەوە ئەوە کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کە زیاتر زیانی بەردەکەوێت.''
 
ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی ئێران ئەوەشی خستەڕوو، کۆماری ئیسلامیی ئێران ناچارە بۆ رازیکردنی لایەنگرانی خۆی و رای گشتی، هەر چۆنێک بێت وەڵامێکی هێرشەکەی ئیسرائیل بداتەوە، ''وەڵامێک کە سەنگی ئێران لە ئاستی نێودەوڵەتی بپارێزێت و رای گشتیی نێوخۆش رازی بکات، ئەگەر ئەم کارە نەکات، دەبێ بڵێین دووبارە ئێران شکستی هێناوە.''
 
بەگوێرەی میدیای ئەمریکی، کە پشتی بە قسەی راوێژکارێکی سوپای پاسداران بەستووە، سوپای پاسداران ژمارەیەک بژارەی بۆ هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل داوەتە عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران. یەکێک لەوانە، هێرشی راستەوخۆیە بۆ سەر ئیسرائیل لە رێگەی مووشەکی پێشکەوتووی مەودا مامناوەندەوە.
 
ئیسرائیلیش هۆشداریی داوەتە تاران و رایگەیاندووە، هەر هێرشێک کاردانەوەی تووندی بەدواوە دەبێت و "هەرکەسێک زیانمان پێبگەیێنێت، زیانی پێدەگەیێنین.'' 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە