لە ئێران هونەرمەندێکی ژن کۆنسێرتێکی ئۆنلاین دەکات

12-12-2024
سینا سۆما
پەرەستوو ئەحمەدی، هونەرمەندی ئێرانی
پەرەستوو ئەحمەدی، هونەرمەندی ئێرانی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بۆ یەکەمین جار لەدوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران، پەرەستوو ئەحمەدی، هونەرمەندی ئێرانی لە یەکێک لە کاروانسەراکانی ئەو وڵاتە بەبێ لەبەرچاوگرتنی باڵاپۆشی، کۆنسێرتێکی میوزیکی ساز کرد کە بەشێوەیەکی راستەوخۆ لە کەناڵی یوتیوبی خۆی پەخشی کرد.
 
پەرەستوو ئەحمەدی لە کەناڵی یوتیوبی خۆی سەبارەت بە سازکردنی کۆنسێرتەکەی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند "من، پەرەستوو، کچێک کە دەمەوێت گۆرانی بۆ ئەو کەسانە بڵێم کە خۆشم دەوێن. ئەمە مافێکە کە نەمدەتوانی چاوپۆشی لێبکەم؛ گۆرانی گوتن بۆ ئەو خاکەی کە زۆرم خۆشدەوێت."
 
ئەو هونەرمەند و گۆرانیبێژە ئێرانییە لە درێژەی روونکردنەوەکەیدا دەڵێت: "لێرەدا، لەم بەشەی ئێرانی خۆشەویستمان، لەم پارچەیەدا کە مێژوو و ئەفسانەکانمان بەیەکەوە گرێدراون، لەم کۆنسێرتە گریمانەییەدا دەنگی من ببیستن و ئەم نیشتمانە جوانە لە خەیاڵدا ببینن."
 
پەرەستوو ئەحمەدی، لە کۆنسێرتەکەیدا گۆرانییەکانی مەرا ببووس (ماچم بکە)، ئەز خوونێ جەوانانێ وەتەن (لە خوێنی گەنجانی نیشتمان)، عەزیز جوون (ئازیز گیان) و چێ سازەم (چی بونیات بنێم) دەڵێتەوە.
 
لە کۆنسێرتەکەدا، ئیحسان بەیرەقدار، سوهەین فەقیح نەسیری، ئەمین تاهیری و ئەمیرعەلی پیرنیا میوزیکیان ژەنی.
 
پەرەستوو ئەحمەدی لە کاتی خۆپێشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵی 2022، گۆرانیی ئەز خوون جەوانانێ وەتەن (لە خوێنی گەنجانی نیشتمان)ی گوت، بەوهۆیەوە لە پاییزی ساڵی 2023 لە دادگەی تاران دۆسیەی لە دژی کرایەوە و دادگەیی کرا.
 
لە ئێران، باڵاپۆشی بۆ ژنان ناچارییە و بە یاسا رێکخراوەوە و جگە لە روخساریان نابێ هیچ شوێنێکی جەستەیان دیار بێت. هەروەها بە پێی یاساکانی ئێران لە دوای ساڵی 1979ـەوە کە دەسەڵات لە ئێران گۆڕا و سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دامەزرا، ژنان مافی ئەوەیان نییە گۆرانی بڵێن.
 
کۆنسێرتەکەی ئەو هونەرمەندە ژنە لە سۆشیال میدیا لەلایەن خەڵکی ئێرانەوە پێشوازییەکی گەرمی لێکراوە و سەرەڕای ئەوەی لە ئێران هەموو پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا فیلتەرکراون، ڤیدیۆی کۆنسێرتەکە تەنیا لە کەناڵی یوتیوبی هونەرمەندەکە لە ماوەی 14 کاژێردا زیاتر لە 105 هەزار بینەری هەبووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە