لە هێرشێکی چەکداریدا لە ئێران دوو ئەندامی سوپای پاسداران کوژران

11-02-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە هێرشێکی چەکداریدا لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران، دوو ئەندامی هێزی بەسیجی سەر بە سوپای پاسداران کوژران. دوێنێش لە ناوچەیەکی سنووریی هەمان پارێزگا، ئەفسەرێکی سوپای پاسداران بە پلەی عەمید کوژراوە.
 
یەکشەممە، 11-02-2024، بەرپرسانی پارێزگای سیستان و بەلووچستانی ئێران رایانگەیاند، هێرشەکەی ئەمڕۆ لە سنووری شاری زاهیدان و بۆ سەر خاڵێکی پاسەوانیی هێلی ئاسنینی شارەکە بووە.
 
قەرارگەی قودسی سەر بە هێزی زەوینی سوپای پاسداران، لەبارەی هێرشەکەوە راگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە و رایگەیاند،  "بەیانی ئەمرۆ یەکشەممە، 11ی شوباتی 2024، لە هەنگاوێکی کوێرانە و ناجوامێرانەدا، چەکدارە شەرانگێزەکان تەقەیان لە خاڵێکی پاسەوانی لەسەر رێگەی هێڵی ئاسنینی زاهیدان-بەم کردووە."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لە هێرشەکەدا دوو ئەندامی هێزی بەسیج کە خەڵکی ناوچەکەن، بە ناوەکانی محەمەد ئەنوەر گومشادزهی و عەبدولحوسێن بەلووچ، سەر بە تایفەی شە‌‌هبەخش شەهید کران."
 
دوێنێ شەممە، لە هێرشێکی دیکەی چەکداریدا لە ناوچەیەکی سنووریی شاری سەراوانی سەربە سیستان و بەلووچستان، ئەفسەرێکی سوپای پاسداران کوژرابوو.
 
قەرارگەی قودسی سوپای پاسداران لەبارەی هێرشەکەی دوێنێ رایگەیاندبوو، "عەمیدی پاسدار سەید مورتەزا حوسێنی، لە کاتی ئەنجامدانی راهێنان لە ناوچەیەکی سنووریی شاری سەراوان کوژراوە."
 
ئاماژە بەوەش کراوە، ئەو ئەفسەرەی لە هێرشەکەدا کوژراوە، خەڵکی شاری ئەسفەراینی سەربە پارێزگای خوراسانی باکوورە و تەرمەکەی رەوانەی ئەو شارە کراوە بۆ ئەوەی لە رێوڕەسمێکدا بەخاک بسپێردرێت.
 
لە راگەیێندراوەکەدا باسی چۆنییەتی و وردەکاریی کوشتنی ئەو ئەفسەرە نەکراوە، بەڵام گرووپی میدیایی حال وش، کە هەواڵ و رووداوەکانی ناوچە بەلووچ نشینەکانی ئێران و بە تایبەت پارێزگای سیستان و بەلووچستان دەگوازێتەوە، دەڵێت، "ئەو ئەفسەرەی سوپای پاسداران لە کاتی دانانی مین لە ناوچە سنوورییەکان و بە هۆی تەقینەوەی مین کوژراوە و لە رووداوەکەدا سێ ئەندامی دیکەی سوپای پاسدارانیش بریندار بوونە."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە